لە ماوەی ساڵێکدا... زیاتر لە هەشت هەزار کەس بەهۆی کۆچەوە گیانیان لەدەستدا

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٨ هەزار و ٥٦٥ کەس بەهۆی کۆچکردنەوە لە سەرانسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش کوشندەترین ساڵ بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵانە بە هەزاران کەس پەنا دەبەنەبەر ڕێڕەوی مەترسیدار و ناڕێکوپێکی کۆچکردن، لەو پێناوەشدا بە هەزارانی دیکە لە هەوڵی گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا گیانیان لەدەست دەدەن، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، کە ٧ی ئادار بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٨ هەزار و ٥٦٥ کەس لەسەر ڕێڕەوی کۆچکردن لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دەبێتە خوێناویترین ساڵ لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، ژمارەی گیان لەدەستدان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا نوێنەرایەتی زیادبوونی کارەساتبار دەکات بە ڕێژەی ٪٢٠ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، ئەمەش پێویستی بەپەلەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە لەدەستدانی زیاتری ژیان دەخاتە بەرچاو، کۆی ژمارەی مردن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە ژمارەی پێوانەیی پێشوو زیاترە، کە لە ساڵی ٢٠١٦ تۆمارکرا، کاتێک زیاتر ٨ هەزار و ٨٤ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

 

پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بە کوشندەترین ڕێڕەو دادەنرێت بۆ کۆچبەران، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٣ هەزار و ١٢٩ حاڵەتی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبوون تۆمارکراوە، زیاتر لە نیوەی گیان لەدەستدان لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی خنکان و ٪٩ بەهۆی ڕووداوی بەلەمەوە تۆمارکراوە، جگە لە ٪٧ کە بەهۆی توندوتیژی تۆمارکراوە.

 

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاند، ئەو ژمارانەی کە لەلایەن پڕۆژەی کۆچبەرانی بێسەروشوێن تۆمارکراون و کۆدەکرێنەوە، ئەوەمان بیردەخاتەوە، دەبێت پابەندبوونمان دووپاتبکەینەوە کە هەوڵی زیاتر بدەین بۆ دەستەبەرکردنی کۆچی سەلامەت، بۆ ئەوەی خەڵک ناچار نەبن ژیانی خۆیان بخەنە ژێر مەترسییەوە لەپێناو داهاتوویەکی باشتردا.