هێرش بۆ سەر ژنێکی دیکە؛ برایەک دەستدڕێژی گولـلە لە خوشک و زاواکەی دەکات

لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکوک، برایەک کە لە سلێمانییەوە دوای خوشکەکەی کەوتووە، دەستدڕێژی گولـلە لە خوشکەکەی و زاواکەی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک بە میدیاکانی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی پەنجا عەلی و لە نزیک ڕێگای پشتێنەی کەرکووک و لە نزیک مەلەوانگەی باباگوڕگوڕ دەستڕێژى گولـلە لە ژن و پیاوێک کراوە و بەهۆیەوە بریندار بوون .

 

سەرچاوەکە وتیشی، بریندارەکان خەڵکی سلێمانین و برای ژنەکە لە سلێمانیەوە دوایان کەوتووە و تا دواجار لە گەڕەکی پەنجا عەلی تەقەی لێکردوون، فیشەک بەر سەری خوشکى تەقەکەرەکە کەوتووە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و زاواکەشی فیشەک بەر سنگی کەوتووە و لە ئێستاشدا هەردووکیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان .

 

بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە ناوی عەزرا منهل نەجمـە و تەمەنی ٢٤ ساڵە، زاواکەش ناوی سامی شکورـە و تەمەنی ٣٩ ساڵە، تەقەکەرەکە هەڵهاتووە و لە ئێستادا پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە .