سربیا: دەیان هەزار کەس ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە توندوتیژی بە چەک

بەدەیان هەزار کەس بۆ جاری سێیەم ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری بەلگراد و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی بەرامبەر توندوتیژییەکان، خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی هەواڵگری دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆپیشاندەران کە بە دەیان هەزار کەس لە بەلگرادی پایتەختی سربیا کۆبوونەوە و دژی توندوتیژی لەو وڵاتە ڕێپێوانیان کرد، ئەمە سێیەمین خۆپیشاندانی گەورەیە لە دوای دوو تەقەی بەکۆمەڵ کە لەم مانگەدا بەهۆیەوە ١٨ کەس کوژران.

 

لە ٣ی ئایاردا کوڕێکی هەرزەکار لە یەکەم تەقەی بەکۆمەڵ لە قوتابخانەکانی وڵاتەکەدا نۆ قوتابی و پاسەوانێکی کوشت و تەنها ڕۆژێک دواتر پیاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە دەرەوەی بەلگراد هەشت کەسی کوشت.

 

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان حکومەتی ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتی ئەلێکساندەر ڤوچیچ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە و پارتی پێشکەوتنخوازی سربیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە نەیانتوانیوە ڕێوشوێن بەرامبەر ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییانە بگرێتەبەر کە ناوەڕۆکی توندوتیژی پەخش دەکەن.

 

هەروەها دەڵێن حکوومەت دژی توخمە تاوانکارییەکانی ناو کۆمەڵگەی سربیا هەڵسوکەوت ناکات و داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆی براتیسلاڤ گاسیچ و سەرۆکی هەواڵگرییان کردووە.

 

ڕۆژی هەینی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان هاتنە دەرەوە و پارتی دەسەڵاتداریان بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی بێدەنگکردنی گردبوونەوەکە دەدات لەبری گرتنەبەری هەنگاوی چارەسەری و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانباران.

 

لە شاری پانسڤۆ کە شارۆچکەیەکە تەنها لە ڕۆژهەڵاتی بەلگراد گردبوونەوەیەکی دژە بەرپەرچدانەوەی ئەنجامدرا، لەوێ ڤوسیچ ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی تەقەکردنە بەکۆمەڵەکان بۆ خۆناساندن بەکارهێناوە، وتیشی: سربیا بێزارە لە شۆڕشەکانتان.

 

ڤوچیچ ناڕەزایەتییەکانی بە شتێکی "سیاسی" ڕەتکردەوە و پلانی داناوە بۆ هەفتەی داهاتوو خۆپیشاندانێک ئەنجام بدرێت کە بە "گەورەترین کۆبوونەوە لە مێژووی سربیا" ناوی بردووە.