کەجەکە؛ مەترسی هەیە ئەزیمە ئارسون کە نەخۆشی دڵی هەیە ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکرێت

کۆنسەى سەرۆکایەتى کەجەکە دەربارەی دەستگیرکردنی ئەزیمە ئارسون لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "سەرەڕای نەخۆشی سەختی هەڤاڵمان، بەڵام زوو لەلایەن پاراستنی پارتییەوە ڕفێندرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە ئەزیمە ئارسون، سیاسەتمەداری کورد کە خەڵکى شاری شێرناخی باکووری کوردستانە و نەخۆشییەکى سەختى هەیە، ویستى بەمەبەستی چارەسەر ڕوو لە دەرەوەى وڵات بکات، بەڵام لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى پەدەکەوە دەستگیر کرا.

 

کۆنسەى سەرۆکایەتى کەجەکە ڕاگەیەندراوێکى سەبارەت بە ئەزیمە ئارسون بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئێمە لە سەردەمێکی مێژوویی گرنگداین کە فاشیزمی ئەردۆغان لە لێواری شکستدایە، ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەمان ئەنجام داوە، تا دوا خولەک هێرش دەکاتە سەر هەموو دوژمن و بریکارە کوردییەکانی، بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان و گەریلاکانی ئازادی، بۆیە ڕژێمی فاشیست لە لێواری داڕماندایە.

 

کەجەکە لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ئەزیمە ئارسون داوە، "لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، ئەندامێکی خەباتی ئازادی گەلەکەمان، هەڤاڵ ئەزیمە ئارسون، کە نەخۆشییەکی سەختی هەیە، ویستى بۆ چارەسەر بچێتە دەرەوەى هەرێم، بەڵام لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕادەگیرێت و دواتر دەستگیر دەکرێت، ئەو زوو لەلایەن پاراستنی پارتییەوە ڕفێندرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار، زانیارییەکان بڵاوکراونەتەوە کە دەڵێن ئەزیمە ئارسون لەلایەن پاراستنی پەدەکە دەستگیرکراوە و ڕفێندراوە و ڕادەستی میتی دەوڵەتی تورکیا کراوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراومان لەسەر ئەم بابەتە نییە.

 

کەجەکە دەشڵێت: ئەو زانیارییە پشتڕاستکراوە و دڵنیاکراوە ئەوەیە کە ئەو هەڤاڵەى ئێمە لەلایەن پاراستنی پارتییەوە ڕفێندرابوو بەبێ هیچ بەڵگەیەک، بۆیە مەترسی ئەوە هەیە ئەو هەڤاڵەمان کە نەخۆشی دڵی هەیە ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکرێت، ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەیە کە پارتی بەم شێوەیە ژنێکی شۆڕشگێڕی کورد دەڕفێنێت و هەوڵ دەدات بۆ پەیوەندیی پیسی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بەکاری بهێنێت.

 

کەجەکە جەختیکردوەتەوە، کە پارتی و دەزگای پاراستن بەرپرسیارن لە چارەنووسی هەڤاڵی ئێمە ئەزیمە ئارسون، بۆ ئەوەش داوا لە پارتى دەکەین کە ئارسون ڕادەستى دەوڵەتى تورک نەکات.

 

لە کۆتاییدا کەجەکە داوا لە خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکات، هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی دەربارەی چارەنووسی ئەزیمە ئەرسون بزانن و ڕێگە نەدەن ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکرێت، کە دەبێتە پشتیوانی پارتی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی فاشیستی ئەردۆغان.