ڕۆزا ماتینا داوای پاڵپشتی بۆ ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراوی تورکیا دەکات

وتەبێژی پلاتفۆرمی ڕۆژنامەنووسانی ژنی مێسۆپۆتامیا، ڕۆزا ماتینا، داوای لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکان کرد کە پشتیوانی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو بکەن.

مەدینە مامەدئۆغلۆ

 

ئامەد- لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بۆ خولی ٢٨، کە بڕیارە چواردەی مانگی ئایار لە تورکیا بەڕێوەبچێت، گوشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان و ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەبن و هێزە ئەمنییەکان لە دەیان شار هەڵیانکوتایە سەر سەدان ماڵ و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەستگیرکراوەکان دەرکرد.

 

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەسەڵاتدارانی تورکیا لە کاتی هەڵمەتەکاندا حەوت ڕۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد و گواستنیانەوە بۆ زیندانەکان و لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ٣٤ ڕۆژنامەنووسی کورد بە تۆمەتی پراکتیزەکردنی پیشەکەیان لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکاندا دەستبەسەر و دادگایی کراون.

 

هەرکەسێک خەبات بکات بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستا سەرکوت دەکرێت

وتەبێژی پلاتفۆرمی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا، ڕۆزا ماتینا، باسی لە دەستگیرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس بە دەستبەندەوە لە ٣ی ئایاردا کرد کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ٦٠ ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکاندا ڕاگیراون.

 

سەبارەت بە فشارە توندەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان، ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە "ئامانج لەم فشارە دڵنیابوونە لە گەڕاندنەوەی دەسەڵات لەلایەن حکومەتەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، بەو پێیەی دەستگیرکردنیان لە دژی ڕۆژنامەنوسان ئەنجامداوە بۆ شاردنەوەی ئەو یاری و پێشێلکاریانەی کە پراکتیزەی دەکەن".

 

ڕۆزا ماتینا ئاماژەی بەوەدا کە هەر جارێک کە هەڵبژاردنەکان لە تورکیا نزیک دەبنەوە، زۆرێک لە ئەندامانی ڕێکخراوە پیشەییەکان دەگیرێن و دەستگیر دەکرێن، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ سەرکوتکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە خەبات دەکەن بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێستا، "تەنانەت ئەگەر یەکێک لە ئێمەش بمێنێتەوە، ڕژێمی ئێستا قبوڵ ناکەین."

 

ئەم سیستەمە دەڕوخێت

ڕۆزا ماتینا ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو بە دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی "ڕژێمی گەندەڵکراو دەڕوخێت، فاشیزمیش کۆتایی دێت" لە ڕاڕەوەکانی دادگا هێزیان بەدەستهێناوە و بەو پێداگرتن و ئیرادەیە بەردەوام دەبن لە کارکردن.

 

ئەم دەستەواژەیە لەلایەن ڕۆژنامەنووس سێدات یەڵمازەوە لە ڕاڕەوەکانی دادگا لە ئەنقەرە دووبارە کراوەتەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەرکردنی بڕیاری زیندانی دژی ئەو لە دووی مانگی ئایاردا، لەگەڵ ڕۆژنامەنووس دیجلە موتۆغڵو و سێ کەسی دیکە.

 

وە ئەوەشی نیشاندا کە "هاوکارەکانمان، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، پەیامێکیان ناردووە کە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵکراوە دەڕوخێت و ئێمەش لەو پەیامانەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە چاپەمەنی ئازاد ملکەچی ئەو فشار و هێرشانە نەبووە و نایگرێتەوە".

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوڕێ دەستگیرکراوەکانیان لەو پەیامانەی کە دەینێرن باسیان لەوە کردووە کە دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و لە دژی هەموو هێرشەکان خەبات دەکەن، بە ئاماژەدان بەوەی "ئێمە شوێنپێی دەنیز فورات و غوربەتلی ئارسوز دەڕۆین، لە بەرامبەر ئەو فشارانەشدا هەرگیز تەسلیم نابین، کاری هاوکارە دەستبەسەرکراوەکانمان تەواو دەکەین و بەسەر ئەو جینۆسایدە سیاسییەدا زاڵ دەبین کە لەلایەن ڕژێمەوە بەرامبەرمان ئەنجام دەدرێت".

 

پێویستە هاودەنگی زیاتر بکرێت

ڕۆزا ماتینا ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ژینگەی کارکردندا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت دەبنەوە، وەک دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە و هەڕەشەکردن، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو فشارانە لە ڕێگەی تەباییەوە لەناو دەچن، "زۆرێک لە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان کە ئەندامی پلاتفۆرمەکەن لە زینداندا ڕاگیراون و هەڕەشەی دووبارە کارکردنیان لێکرا و لێکۆڵینەوەشیان لە دژی کرایەوە".

 

لەکۆتایی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، "حکومەت بەردەوام ئێمە دەکاتە ئامانج، چونکە ئێمە پشت بەمافی ژنی ڕۆژنامەنووس و دەستپاکی لە کاردا دەبەستین، ئێمە وەکو ژنی ڕۆژنامەنووس و ئەندامی پلاتفۆرم بەردەوام دەبین لە کارەکانمان، تەنانەت ئەگەر یەکێک لە ئێمەش بمێنێتەوە، کارەکانمان ناوەستن پێویستە هەموو ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکان پشتگیری لە ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان بکەن".