بڕیار وایە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

دوای ٤٠ ڕۆژ لە ڕاگرتنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەکەن بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبی ئەلجەدید لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بەهۆی بڕیارێکی دادوەری نێودەوڵەتی ڕاگیرا.

 

ئەو بەرپرسە ڕوونیشیکردەوە، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، دوای ئەوەی ڕاگرتنەکەی بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بەردەوام بوو.

 

ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕوونی کردەوە کە شاندەکە وردەکاری گرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتی تاوتوێ دەکەن بۆ دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ڕێکخراوی دەوڵەتی بۆ بەبازاڕکردنی نەوت-سۆمۆ، پێش ئەوەی بگەنە بەندەری جەیهانی تورکیا.

 

ڕۆژی ٢٥ی ئادار تورکیا ناردنی نەوتی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان ڕاگرت، دوای ئەوەی بڕیارێکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئەنقەرەی پابەندکرد بە پێدانی قەرەبووی بەغدا بەهۆی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣، بە ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا.

 

ئەو بۆرییە نەوتییە کە لە کەرکوکەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە تا بەندەری جەیهانی تورکیا درێژدەبێتەوە، تاکە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگە نەوتییەکانە لە باکووری عێراق.

 

پسپۆڕی کاروباری نەوتی عێراق، ئەوەشی دووپات کردەوە کە تورکیا ڕەتیدەکاتەوە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، چونکە حکومەتی عێراق دەستبەرداری ئەو بڕە قەرەبووە ناکات کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس سەپێنراوە، کە بڕی یەک ملیار و ٤٧٠ ملیۆن دۆلارە.

 

مەرجی دیکەی تورکیا داواکارییە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراو لە کوردستانەوە بە نرخی پێشوو کە هەر بەرمیلێک ١٩ دۆلارە، بەڵام حکومەتی عێراق بە تایبەتی کۆمپانیای سۆمۆ داواکەی تورکیای ڕەتکردەوە.

 

ئەو شارەزایە لە بواری نەوتدا ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا هێشتا پەیڕەوی لەو ڕێککەوتنە دەکات کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کراوە، کە ڕێگە بە تورکیا دەدات نەوتی کوردستان بە ئەنقەرە بفرۆشێت بە نرخێکی کەمتر، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە لە دوای بڕیارەکەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق پووچەڵ بووەوە کە سەرجەم ڕێککەوتنە نەوتییەکانی هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە واژۆ کرابوون.

 

 حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لە ٤ی نیسان ڕێککەوتنێکی کاتییان واژۆکرد کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.