١٤ ژن و منداڵی داعشی گەڕێنرانەوە بۆ وڵاتی کەنەدا

دوای کۆبوونەوەی شاندێکی کەنەدی لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٤ ژن و ١٠ منداڵی سەر بە داعش لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرەوە، ڕادەستی دەوڵەتی کەنەدا کرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێگەی فەرمی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بڵاویکردەوە، دوای سەردانی شاندێکی کەنەدی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و یەپەژە، هەردوولا باسیان لە دۆخی سیاسی سووریا بە گشتی و دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت کرد، لەگەڵ دۆخی مرۆیی و ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە.

 

جێگری هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند، هەڕەشەکانی تورکیا هێشتا بەردەوامن لە شێوەی بۆردوومانی ڕۆژانە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەڕێگەی درۆن و تۆپهاوێژەکانەوە پێگە ژیانی و ئابوورییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری بۆردوومان دەکەن، سەرەڕای هەموو دۆخە دژوارەکانی ناوچەکە، بەڵام ئیدارەی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی کەنەدا و هەموو ئەو دەوڵەتانەی هاوڵاتی و مناڵەکانیان لە ناوچەکانی سەر بەئیدارەی خۆسەری ماونەتەوە.

 

شاندە کەنەدییەکە سوپاسگوزاری خۆی بۆ هەماهەنگییەکانی ئیدارەی خۆسەریی ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، درک بەهەوڵەکانی دەکات لە فەراهەمکردنی چاودێری بۆ دەستبەسەرکراوەکان سەرباری دۆخ ئاسایشی دژوار و هەلومەرجە نالەبارەکان.

 

دوای کۆبوونەوەکە ٤ ژن و ١٠ منداڵی سەر بەداعش لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرەوە، ڕادەستی دەوڵەتی کەنەدا کرایەوە.