خەڵک لەبەر سەرمادا دەمێننەوە و ئافاد کەمتەرخەمە

ڕۆژانە ئەو کەسانەی ماڵەکانیان بەهۆی بوومەلەرزەکەی بازارجیخ وێران بوو لەگەڵ منداڵەکانیان لە سەرمادان، خەتیجە کاشکدۆزەن، یەکێک لەو کەسانەی کە ماڵەکەی زیانی پێگەیشتووە، کاردانەوەی بەرامبەر بە ئافاد هەبوو وتی کە هیچ قسەیەک بۆ وتن نەماوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

گورگوم- دوای دوو بوومەلەرزە بەهێزەکە کە ناوەندەکەیان مەڕەش و دیلۆک بوو، لە ١٠ شاردا هەزاران ماڵ وێران بوون و دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزارانیش برینداربوون، ئەوانەی لە بوومەلەرزەکە ڕزگاریان بووە لە سەرمادا ڕۆژێکی سەختیان هەیە، یەکێک لەو کەسانە خەتیجە کاشکدۆزەنە لە بازارجیخ، کە لە کاتی بوومەلەرزەکە لەگەڵ منداڵەکانی ڕزگاریان بوو، ئێستا لە شەقامەکان لە ژێر نایلۆندا درێژە بە ژیان دەدەن.

 

"دۆخەکە زۆر خراپە"

خەتیجە کاشکدۆزەن ئاماژەی بەوەکرد کە کەشوهەوا زۆر ساردە و وتی: ئێمە خۆمان و منداڵەکانمان لە سەرما بپارێزین یان خۆمان لە بوومەلەرزەکە بپارێزین، نازانین، ئەمە بوومەلەرزە نییە، کارەساتێکە هیچ وشەیەکی تر نییە بۆ وتن، دۆخەکە زۆر خراپە، زۆر کەس لە ژێر بینا وێرانەکاندان، تەرمەکان لەسەر زەوین، پاراستنی کەسێک زۆر گرنگە بۆ ئێمە، زۆر لە خزمانمان گیانیان لەدەستدا.

 

"منداڵەکانمان لە ترسدا ناخەون"

خەتیجە کاشکدۆزەن ئاماژەی بەوەدا کە باری دەروونی منداڵەکانی تێکچووە و وتی: منداڵەکانم بۆ شوێنێک دەبەم کاتێک دەنگی ئۆتۆمبێل و شۆفڵ دێت، لە ترسدا دەلەرزن، ئەوان دەیانەوێت ئێمە لێرە بڕۆین، ناتوانن بخەون و من و هاوژینەکەم تا بەیانی لەسەر سەریانین، دراوسێکەمان لە هەمان دۆخدایە، ئێمە تەنیاین و هەوڵدەدەین پشتگیری یەکتر بکەین.

 

کاردانەوە بەرامبەر بە ئافاد هەیە

خەتیجە کاشکدۆزەن ئەوەی خستەروو کە لە سەرەتای بوومەلەرزەکە هاوکاریان نەکراوە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن زۆر درەنگ هاتن، ئەوان یەکەم ڕۆژ تا ئێوارە هیچیان نەکرد و زۆر درەنگ دەستیان بە کارکردن کرد، هەروەها ئافاد چادری بۆ دابین نەکردین کاتێک چووین، داوای ناسنامە و واژۆیان لێکردین، پاشان پێیان وتین، چاوەڕێ بن کاتێک سەرەی ئێوە هات دەتاندەینێ، بەم هۆیەوە، ئەوان خەڵک دەخەنە ڕیزەوە، لەم سەرمایەدا چاوەڕێی چی دەکەین؟.