سەرۆکی هەرێم بە وتنی "ژن کوشتن لە هەموو جیهان هەیە" ڕەوایەتی بە کوشتنی ژنان دەدات
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت کوردستان شوێنی توندوتیژی تێدا نابێتەوە، بەڵام لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دوو ژنی ٢٨ ساڵ و ٣٣ ساڵ لە شاری دهۆک و هەولێر دەکوژرێن، چالاکوانانیش دەڵێن ژنکوژان لەلایەن دەسەڵات و حزبەوە داڵدە دەدرێن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، پاش کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسی نەوت و غاز، داهاتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا قسەی کرد.
لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵکشانی ڕێژەی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان، مەسرور بارزانی دەڵێت: پێموایە لە ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان توندوتیژی و کوشتنی ژنان هەیە و پیویستە بنبڕ بکرێت".
مەسرور بارزانی ئەوەشی وت کە وەک حکومەت هەموو ڕێکارێک دەگیرنەبەر بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، دەشڵێت: دەبێت ڕێکاری پێشوەختە بگرینەبەر تا خەڵک بیر لە توندوتیژی نەکاتەوە، ئەمەش بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە ئاستی پەروەردە و لەلایەن مامۆستایانی ئاینی و مامۆستای قوتابخانەکان لەسەر یەکسانی ڕەگەزی.
مەسرور بارزانی دەشڵێت کوردستان شوێنی ئەوە نییە توندوتیژی تێیدا بەردەوام بێت، ئەم قسانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا دوو ژنی ٢٨ ساڵ و ٣٣ ساڵ لە شاری دهۆک و هەولێر کوژران و چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیش نزیکەی ٢٧ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، لەلایەکەوە سەرۆکی حکومەت دەڵێت حکومەت پابەندە بە گرتنەبەری ڕێکاری ڕێگری لە توندوتیژی و لەلایەکی دیکەشەوە چالاکوانان و ڕێکخراوەکان دەڵێن ژن کوژان و تۆمەتباران لەلایەن دەسەڵاتی حکومی و حزبییەوە داڵدە دەدرێن.