ژنانی کورد لە ڕوسیاوە پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی سەر چیاکان دەربڕی

ژنانی کورد لە ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکە هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو، بە وتنەوەی دروشمی "ئێستا کاتی پاراستنی کوردستانە" پشتیوانییان لە بەرخۆدانی سەر چیاکان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ڤیانی ژنانی کورد لە ڕوسیا بەیاننامەیەکیان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان و هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی سەر چیاکان دەربڕی.

 

تارا قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی ڤیان، بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بە هاوکارییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: "ڕوو ڕەشی ماڵی بارزانی و پەدەکە ئێستا زۆر ڕوونە، مێژوو هەرگیز لێیان خۆش نابێت، ئێمەش لە هەموو شوێنێک دژی داگیرکارییەکان دەوەستینەوە، تێکۆشانی ئێمە و شەڕڤانان لە یەک دانەبڕاوە، بۆیە دەبێت بە بەرخۆدانی مێژووی هەبوونی خۆمان بپارێزین".

 

سەرۆکی ڕێکخراوی ڤیان تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر شەنگال و وتی: کوردانی ئێزدی بە بەرچاوی جیهانەوە کۆمەڵکوژکران و جیهان بێدەنگ بوو، ئەوانەی شەنگالیان بەجێهێشت دەیانەوێت بگەڕێنەوە و کارەکەیان تەواو بکەن، بەناوی ژنانی کورد لە ڕوسیاوە دەڵێین نە حکومەتی عێراق و نە پەدەکە ناتوانێت لە شەنگالدا فەرمانڕەوایی بکات، کۆمەڵگەی ئێزدیمان ئەو هێزەی هەیە و مافی بەڕێوەبردنی خۆی هەیە.