چیاکانی زاگرۆس لە ناو ئاگردان: دارستانەکانی بەڕوو دەبنە قوربانی بێدەنگییەکی درێژخایەن

دارستانەکانی بەڕووی چیاکانی زاگرۆس جارێکی تر لە ناو ئاگردا سووتان. سەرەڕای هاواری چالاکوانان و خۆبەخشانی خۆجێیی، لاوازیی ژێرخان و بێدەنگیی دامودەزگاکانی دەوڵەت کارەساتەکە گەورەتر دەکەن. ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە ناوەندێکی هەمیشەیی کڵپەی ئاگرەکە

ناوەندی هەواڵ 

لە دارستان و لەوەرگاکانی زاگرۆسدا ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە. ئەمەش جارێکی تر لاوازیی سیستماتیکی دامودەزگا بەرپرسەکانی لە پاراستنی ئەم ژینگەیە گرنگەدا ئاشکرا کرد. ئەو قەیرانەی کە شەوی ٢٠ی حوزەیران دەستی پێکرد، سەرەڕای ناردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هەلیکۆپتەر، لە هەندێک ناوچەدا تا دوێنێ بەردەوام بوو. بەپێی ڕاپۆرتە خۆجێییەکان، هێڵی ئاگرەکە لە هەندێک شوێندا بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر بەرفراوان بووە؛ ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لەبری ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی ڕێکخراو و تەکنەلۆژی بێت، زیاتر لەسەر شانی خۆبەخشانی ناوچەکە ماوەتەوە.
ئەو ئاگرەی لە لەوەرگا و دارستانەکانی بەڕووی ناوچەی (بەکەک)ی سەر بە شارۆچکەی (جەراح و بالادە) دەستی پێکرد، بەهۆی ڕەشەبای توند، وشکبوونی گژوگیا و سەختیی گەیشتن بە ناوچە شاخاوییەکان، بە خێرایی بڵاوبووەوە. هەرچەندە لە ڕۆژانی سەرەتاوە چالاکوانانی ژینگە و خەڵکی ناوچەکە بە هانای دارستانەکانەوە چوون، بەڵام بڵاوبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاگرەکە و نەبوونی ڕێگای گونجاو، کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی خاو و مەترسیدار کردبوو.


خەڵکی ناوچەکە لە هێڵی پێشەوەن

 

لە کاتێکدا هەلیکۆپتەرەکانی فریاکەوتن زیاتر بۆ گواستنەوەی هێزەکان بەکاردەهێنران و توانای ئاوڕشاندنیان کەم بوو، خۆبەخشانی ناوچەکە بە ئامێری سەرەتایی وەک تەور و لقی دارەکان لە بەردەم کڵپە و گەورەبوونی ئاگرەکەدا وەک قەڵغان وەستان. ئەم دۆخە نەک تەنیا ژیانی مەدەنییەکان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پرسیاری جدی لەسەر ئامادەیی دامودەزگا بەرپرسەکانی دەوڵەت دروست دەکات؛ ئەو دامودەزگایانەی کە ساڵانە لە بەردەم ئەم کارەساتە دووبارەبووەوانەدا بێدەنگ و بێچارە دەمێننەوە.

 


قەیرانێکی هەمیشەییە، نەک ڕووداوێکی کاتی

 

لێکۆڵەر و چالاکوانی ژینگە (عەزام بەهرامی) لەسەر ئەم بابەتە ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگرکەوتنەوەکانی زاگرۆس چیتر ڕووداوی کاتی و کورتخایەن نین. عەزام بەهرامی وتی کە بەپێی داتاكانی ڕێکخراوی سەرچاوە سروشتییەکان و ڕاپۆرتە لێکۆڵینەوەییەکان، ئەم ناوچەیە بووەتە یەکێک لە ناوەندە هەمیشەیی و دووبارەبووەوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
زاگرۆس کە زیاتر لە سەدا ٤٠ی دارستانەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، خاک، هەمەجۆریی زیندوو و بژێوی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوای وڵاتەکەدا گرنگییەکی بەتاینی هەیە. بەڵام کاردانەوەی بەرپرسان هەرجارە و تەنیا دوای گەورەبوون و بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە دەست پێدەکات.

 


لاوازیی ژێرخان و ئامرازەکانی ئاگرکوژێنەوە
عەزام بەهرامی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە هەرچەندە سەدا ٩٠ی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی هۆکاری مرۆییەوە بن، بەڵام سیستمی کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە ئێراندا لە ئاستی پێشگیریکردندا دواکەوتووە. عەزام بەهرامی ئاوا دوا: «کەمیی هەلیکۆپتەری تایبەتی ئاگرکوژێنەوە، نەبوونی فلۆتێکی ئاسمانیی تایبەت بە دارستانەکان و دواکەوتن لە بڕیارداندا، گەورەترین کەمکوڕین کە ساڵانە دووبارە دەبنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە جیهاندا بۆ چاودێریکردن و پێشبینیکردنی ئاگرکەوتنەوە، سیستمی هۆشداریی پێشوەختە، درۆن و وێنەی مانگە دەستکردەکان بەکاردەهێنرێن.»


سەرمایەیەک کە هەمیشە دەبێتە خۆڵەمێش
زیانەکانی ئەم ئاگرکەوتنەوەیە تەنیا بە دار و گژوگیاوە سنووردار نابن؛ لەناوچوونی خاک، کەمبوونەوەی توانای زەوی بۆ گلدانەوەی ئاو، زیانگەیشتن بە ژینگەی ئاژەڵان و زیادبوونی مەترسیی لافاوە ئەگەرەییەکان، دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی ئەم کارەساتەن. دارە بەڕووەکان کە گەورەبوونیان دەیان ساڵی پێدەچێت، ساڵانە بەشێک لە توانای سروشتیی خۆیان لەدەست دەدەن.
زیادبوونی باران و شینبوونی گژوگیا لە بەهاردا، لە هاوینە گەرم و وشکەکاندا مەترسیی ئاگرکەوتنەوە زیاتر دەکات. ئەم ڕاستییە سروشتییە بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو پێویستیی پلاندانانی پێشوەختە، پاککردنەوەی ڕێگا مەترسیدارەکان و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە خۆجێییەکان زیاتر دەکات، تاوەکو پاراستنی زاگرۆس تەنیا لەسەر شانی خۆبەخشان نەمێنێتەوە.