چەتەکان دەستیان بەسەر دەرمانخانەکەدا گرت: تەندروستی هاوڵاتیان لە مەترسیدایە

چەتەکان دەستیان بەسەر دەرمانخانەکان لە ئیدلیب گرت کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادایە، ئەو دەرمانانەی لە دەرمانخانەکاندا بە هەڵە دەدرێن مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکەن.

لینا ئەلخەتیب

ئیدلیب- لە شاری ئیدلیبی باکووری سووریا کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی شاندی تەحریر شام دایە، پێکدادان لە نێوان حکومەتی شام و چەتەکان بەردەوامە و کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان کردووە، لە شارەکە، کە بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانەکەی لە کامپەکاندا دەژین، کێشەی ئاوی پاک و خۆراک هەیە و خەڵک ناتوانن بە سەلامەتی سوود لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەربگرن.

ئەو کەسانەی کە دەستیان بەسەر ئەو هاوکارییانەدا گرت کە هاتبوون بۆ خەڵکەکە ئێستا دەستیان کردووە بە کۆنترۆڵکردنی پیشەسازی دەرمان، دەرمانخانەکانی شارەکە لەژێر کۆنترۆڵی چەتەکاندان و لەلایەن دەرمانخانە ناحکومییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەو کەسانەی کە دەرمانی ساختە دەفرۆشن بە نەخۆشەکان گوێ بە تەندروستی خەڵک نادەن، ژنان باسی ئەزموونی خۆیان دەکەن بەهۆی ئەو دەرمانە ساختەیەی کە دەرمانسازان پێیان دەدەن.

 

"بەهۆی تێچووی زۆرەوە چووم بۆ دەرمانخانە"

حەنیم عوسمان، کە چەندین ساڵە لە کامپی ئیدلیب دەژی ئاماژەی بەوەکرد، د کوڕە سێ ساڵانەکەی ولید حاجی بەهۆی مامەڵەی خراپ لە دەرمانخانەکەوە خەریک بووە گیانی لەدەست بدات و وتی: هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی لە کامپەکەدا نییە، ناتوانین بچین بۆ نەخۆشخانەکان چونکە تێچووی پشکنین زۆرە. بۆیە چووم بۆ دەرمانخانە. ئەو دەرمانسازەی کە وتی منداڵەکەم تووشی نەخۆشی هەوکردنی قوڕگ بووە هەندێک دەرمانی پێدام، دوای بەکارهێنانی دەرمانەکان، دۆخی منداڵەکەم خراپتر بوو،دواتر بردم بۆ لای پزیشکێک و پزیشکەکە وتی ئەم دەرمانە بۆ منداڵ بەکارناهێندرێت و کاریگەری لاوەکی دەبێت، دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەو کەسەی دەرمانی پێدام دەرمانساز نەبوو. لە پێناوی قازانجدا ئەم کارەی دەکرد، ژیانی خەڵک وێران دەکەن.

 

بەهۆی دەرمانی هەڵە منداڵەکەی لەدەستدا

سامیا ئەلئەسلان، تەمەن ٢٤ ساڵ، بەهۆی دەرمانەکانی دەرمانخانە هەڵەکانەوە منداڵەکەی لەدەستدا، وتی: لە یەکەم مانگی دووگیانیمدا، بەهۆی ئازاری پشتەوە چوومە لای پزیشک، پزیشکەکە وتی نەخۆشی گورچیلەم هەیەو دەرمانی پێدام. ئەو دەرمانەی کە پزیشکەکە پێیدام، خاوەنی دەرمانخانەکە دەرمانەکەی گۆڕی و یەکێکی دیکەی پێدام، کاتێک ئەو دەرمانەم بەکارهێنا، هەفتەیەک دواتر، منداڵەکەم لەدەستدا، دواتر چووم بۆ لای پزیشک، پزیشکەکە وتی کە کەسانی دووگیان نابێت بەکاری بهێنن،  سکاڵامان لە خاوەن دەرمانخانەکە کردو دەرمانخانەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک داخرا. دواتر بەردەوام بوو لە کارەکەی.

 

"ئەو دەرمانفرۆشانەی بڕوانامەیان هەیە شارەکەیان جێهێشتووە"

پزیشک فاتیمە ئەلحەزال وتی: هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی لە ئیدلیب بوونی نییە و خەڵک کاتێک نەخۆش دەکەوێت دەچنە دەرمانخانەکان چونکە تێچووی پشکنینی نەخۆشخانە تایبەتەکان زۆرە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە مۆڵەتیان پێ نەدراوە دەرمانخانەکانیان کردەوە، مەحاڵە کۆنترۆڵی ئەم کێشەیە بکرێت، چونکە زۆربەی دەرمانخانە بێ مۆڵەتەکان بەرگری لە خۆیان دەکەن بە بڕوانامەی دەرمانسازی مۆڵەتپێدراو یان بە کرێدانی مۆڵەتی دەرمانسازی و کاتێک داوایان لێدەکرێت لە دەرمانخانە یاساییەکاندان، ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە شارەکەیان جێهێشتووە.