چەند خۆراکێک دەستنیشان کراون کە سوودی تەندروستییان بۆ ژنان هەیە
ژنان لە بابەتی خۆراکدا پێداویستی تایبەتی خۆیان هەیه، هەڵبژاردنی خواردن و خواردنەوەیەکی گونجاو دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەندروستیان دابنێت.

ناوەندی هەواڵ
تەندروستی گەورەترین سەرمایەی مرۆڤە، خواردنی تەندروست، خواردنی خۆراکی بەسوود کە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکان، وەرزشی بەردەوام و ئارامی دەروونی هۆکاری سەرەکین بۆ پاراستنی تەندروستی، گرنگیدان بە جەستە و دەروونت بە خۆراکی دروست و ژیانێکی تەندروست ژیان بەرهەمدارتر دەکات.
چەند خۆراکێک هەن بەسوودن بۆ تەندروستی ژنان وەک:
- ئاوی لیمۆی ترش یارمەتی جەستە دەدات لە پرۆسەی میتابۆلیزمدا. هەر وەک دەزانین بە بەرزبوونەوەی تەمەن رادەی ئەسیدەکانی گەدە دادەبەزێت، بەپێی توێژینەوەکان ٣٠٪ی ژنان تووشی "گاستریت ئیترۆفیک" دەبن، واتە کەمبوونەوەی بەرهەمهاتنی ئەسیدی گەدە، یەک دانه لیمۆی ترش سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی لەش دابین دەکات، ١٢ کالۆری هەیه و ئەمەش دەبێته هۆی دابەزینی کێشی لەش.
- لەناو پێکهاتەی زەدەچەوەدا ئەنتی ئۆکسیدەنت هەیه و ئەم ماددەیەش بەگشتی تایبەتمەندی دژە بەکتریا و دژە ڤایرۆسی هەیه.
- لە پێکهاتەی ئەو خۆراکانەی کە خاوەنی ئۆمێگا ٣ـن، "ئەسید ئیکۆساپنتانۆئیک" و "ئەسید دوکوساهیگزائنۆئیک" بوونی هەیه، ئەم ئەسیدانه بۆ هەندێک لە چالاکییەکانی جەستەی ژن سوودی هەیه بۆ نموونه: گەشەی کۆرپەلە وکەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ. ماسی سەرچاوەی سەرەکی ئەم ئەسیدانەن. ماست و شیریش هەندێک جار ئۆمێگا ٣ـی پێ زیاد دەکەن.
- کالسیۆم و ڤیتامین دی- بۆ بەهێزی ئێسقانەکان بەسودە و هەریەکە لە هێلکە و شیر دەوڵەمەندن بە وانە.
- میوە و سەوزە بۆ پێشگرتن لە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتە و جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە بەسودە و دەکرێت وەک ژەمی سەرەکی یان لەنێوان ژەمەکان بەکار بێت و بە لانیکەمەوە ژەمێک دەبێت ئەم خۆراکانە بخورێت.