چالاکیی ناڕەزایەتی خوێندکاری زانستە توێژینەوەکان و کاردانەوەکان بەرامبەر بەم کارە
دوابەدوای بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆی تاران لەدژی هێرشی چاودێرانی زانکۆ، زۆرێک لەڕێکخراوەکان و چالاکوانان لە سەرانسەری جیهان کاردانەوەیان بەرامبەر بەم کارە هەبووە.
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی ٢ی تشرینی دووەم، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێت ژنێک لە ناو حەوشی زانکۆدا جلەکانی داکەندووە.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەم خوێندکارە کە ناسنامەکەی "ئاهو دەریایی، خوێندکاری زمانی فەرەنسییە لەیەکەی زانستی توێژینەوەی زانکۆی ئازاد"، لەلایەن یەکێک لەچاودێرانی زانکۆوە بە بیانووی جلوبەرگەکەی، بەرکەوتەی توندوتیژی و هێرش دەبێتەوە و جلەکانی لەلایەن پاسەوانەکەوە دەدڕێن، جلەکانی دادەکەنێت.
دواجار لەلایەن چەند ئەندامێکی چاودێرانی ناو زانکۆدا دەستگیردەکرێت و بە زۆر دەیخەنە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە و هەواڵە پەیوەندیدارەکان، بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکان و هەندێک سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاند کە ئەم خوێندکارە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی، هەنگاوێک کەڕژێمی ئیسلامی پێشتر دژ بە ژنان لە دژی حیجابی زۆرەملی ئەنجامی دابوو، ئەم کارە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران کاردانەوەی هەبووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، وێڕای داوای ئازادکردنی خوێندکارەکە، ڕایگەیاند: دەسەڵاتداران دەبێت لە ئەشکەنجەدان و هەر مامەڵەیەکی خراپ بیپارێزن و گەرەنتی دەستڕاگەیشتن بە خێزانەکەی و پارێزەرەکەی بکەن، تۆمەتەکانی لێدان و توندوتیژی زایەندی بەرامبەری لە کاتی دەستبەسەرکردندا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن هەیە.
هەروەها مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڤیدیۆی ئەم ژنە گەنجەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دووبارە بڵاوکردەوە و نووسی: من لە نزیکەوە چاودێری ئەمڕووداوە و وەڵامدانەوەی دەسەڵاتداران دەکەم.
هەروەها کەتایون ڕیاحی، ئەکتەری بەناوبانگی سینەما و تەلەفزیۆنی ئێران، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "بە تەنیا جێی ناهێڵین" پاڵپشتی ئەم خوێندکارەی کردووە و نووسیویەتی: تۆ حیجابی خۆتی، لە ناخی خۆتەوە هەستەوە.
هەروەها زۆرێک لە چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و هتد ستایشی ئەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەیان کرد و پشتیوانیان کرد. ئەم خوێندکارەی زانکۆی زانستە توێژینەوەکان لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ناوی "کچی زانستە توێژینەوەکان" پاڵپشتی کراوە.
چالاکوانێکی مەدەنی نووسیویەتی: کچی زانستە توێژینەوەکان ناوی نییە! لە ئێران پێی دەوترێت ژن بوون.
چالاکوانێکی مافی ژنان وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: ئەمە ناوی ئازادی نییە، ناوی ئەمە ناڕەزایەتی نەبوونی ئازادییە.
چالاکوانێکی تر نووسیویەتی: ئەمە جەستەی سەرکوتکراو و یاسا بۆ دانراو،چەکی ژنە. ئەو جەستەیەی کە بە دەزگای ژن خۆیەوە دەبێتە چەکێک کە بە وردی و بێ هەڵە ئامانجی بناغەی پیاوسالاری و سیستەمی چەوساندنەوەیە و تەقەی لێدەکات.
بەکارهێنەرێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: بەنزین بەسەر خۆتدا بڕێژە و ئاگر لەخۆت بەربدە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵامخۆت ڕووت مەکە، ئەگەر ئاگر لە خۆت بەردا، تۆ قوربانی و قارەمانیت، بەڵام ئەگەر ژن ڕووت بێتەوە، دەبێ شێت بێت.
یەکێک لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی لە کەنەدا، جەختی لەوە کردەوە کە "دروست نییە "ناڕەزایەتی" کەم بکرێتەوە بۆ "فشاری دەروونی"، ئەم کارەی بە "دروستکردنی نمایشێکی هۆشیارانە و جوان" ناوبرد و وتی: بە وتنی وشەی وەک "ئەمڕژێمە بۆ هیچ ژنێک تەندروستی دەروونی نەهێشتووەتەوە"، ئێمە ئەم بڕە هۆشیارییە پشتگوێ دەخەین کە لەو چالاکییە ئازایانەدا شاراوەتەوە، ئەو بڕیاری داوە ناڕەزایەتی دەرببڕێت و ناڕەزایەتیەکەی بخاتە بەر گوێی هەموو لایەک.
ژنان لە ئێران بەردەوام سنووردار دەکرێن کە باوترینیان پەیوەندی بەحیجابی زۆرەملێوە هەیە کەیەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی هەموو مرۆڤێک لە جیهاندا، لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، بەرخۆدانی ژنان سەبارەت بەحیجابی زۆرەملێ زیادی کرد و سەرەڕای هەوڵەکانی ڕژێم بۆ سەرکوتکردنی ژنان، هێشتا تێکۆشانی ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامی هەیە.