چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ مەودە پشتگیری ئاژانسەکەمان دەکات
چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، مەودە جومەعی، جەختی لەوە کردەوە کە ئاژانسەکەمان سەکۆیەکی میدیایی تایبەت بە ژنانە؛ کار دەکات بۆ ڕەنگدانەوە و تیشکخستنە سەر پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ژنانی نیشتەجێی ناوچەکانی جەنگ.
زھور مەشریقی
تونس – لە ناو ئەو گۆڕانکارییە خێرا کولتووری و کۆمەڵایەتییانەی لە کۆمەڵگاکانماندا ڕوودەدەن، میدیا و ڕاگەیاندنی ژنان وەک یەکێک لە دیارترین ئەو دیاردانە دەردەکەوێت کە مشتومڕ و ناکۆکی زۆری لەسەرە. لە ئەنجامدا، ئەم هێرشە توندەی دەکرێتە سەر ئەم جۆرە میدیایە، تەنها کاردانەوەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو نیشانەی نیگەرانییەکی قووڵی کۆمەڵایەتییە بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان. ئەم ڕاستییە بە تایبەتی کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە بزانین کاریگەری و قورسایی ئەم میدیایە بە ژمارەی فۆڵۆوەر و ڕووبەری بڵاوکردنەوەکەی ناپێورێت، بەڵکو بە شێوازێکی ژیان دەپێورێت کە دەیان ساڵە بە بڕیارەوە دەڵێت ئێمەش هەن و بەردەوامە.
لەبەر ئەمەش، پرسیاری سەرەکی ئەم توێژینەوەیە بەم شێوەیە دەخرێتە ڕوو: ئێمە چۆن دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان داواکارییە ڕەوا و یاساییەکان، و ئەو نیگەرانییە کلتورییانەی کە بە هۆی ئەم گوتارەوە دروست دەبن؟ ئایا ئەم هێرشانە لە ناوەڕۆکی گوتارە فێمینیستییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، یاخود لەو سروشتە ململانێییەی کە میدیای دیجیتاڵی لە سەردەمی هاوچەرخدا بەسەرماندا دەسەپێنێت؟
هۆکاری ئەم هێرشانە چییە؟
ئەم هێرشانە ڕێکەوت نین بەڵکو ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی ئەو ڕۆڵەیە کە میدیای ژنان دەیگێڕێت. ئەم میدیایە تەنها داوای مافەکانی ژنانی نەکردووە، بەڵکو هەنگاوێکی گەورەتری ناوە و گوتاری باوکسالاری و دەسەڵاتی سیستمی پیاوسالاری هێناوەتە بەرباس و ڕووتکردووەتەوە. ئەم میدیایە سەرکەوتوو بووە لە ئاشکراکردنی ئەو میکانیزمە ورد و شاراوانەی کە باڵادەستیی پیاو لە ناو خێزان، شوێنی کار و دامەزراوە گشتییەکاندا سەرلەنوێ بەرهەم دەهێننەوە. ئەو ڕەفتار و نەریتانەی پێشتر وەک ئەرکی «دایکانە» یان بەشێک لە سروشتی مرۆڤ دادەنران، ئێستا گۆڕدراون بۆ بابەتگەلێک کە شیاوی ڕەخنەگرتن و لێکۆڵینەوەن.
ئەم ئاشکراکردن و ڕووتکردنەوەی» سیستمی باوکسالارییە، توندوتیژیی لایەنگر و پارێزەرانی ئەو سیستمە دەردەخات. ململانێکە لێرەدا تەنها لەسەر مافە مەدەنییەکان نییە، بەڵکو ململانێیە لەسەر شەرعییەتی دەسەڵات لە ناو ماڵ و کۆمەڵگادا. میدیای ژنان چیتر تەنها دەنگێک نییە کە داوای دادپەروەری بکات، بەڵکو بووەتە ئاوێنەیەک کە کەم و کوڕییەکانی سیستمی باوکسالاری نیشان دەدات. ئەمەش وایکردووە کە سیستمەکە هەر سەکۆ یان دەنگێکی ژنان وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئارامییە مێژووییەکەی خۆی ببێنێت؛ ئەو ئارامییەی کە ماوەیەکی درێژە لەسەر بێدەنگکردنی ژنان و سەرکوتکردنی هۆشیارییان بونیاد نراوە.
بەئامانجگرتنی سەکۆکانی ژنان
ئەم شیکارییە لە ڕاستییەوە دوور نییە، چونکە ئەم ململانێیە لەم دواییانەدا لەو هێرشە ئەلیکترۆنییەدا ڕەنگی دایەوە کە کرایە سەر ئاژانسەکەمان، ئاژانسی هەواڵی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - نوژنها ئەمەش پرسی گرنگیی پشتگیری و هاوپشتی بۆ میدیای ژنان، جارێکی تر هێنایەوە ڕۆژەڤ و بەرباس.
مەودە جومەعی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، پشتگیریی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی کە لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوبووەوە. مەودە ئەلجومەعی دووپاتی کردەوە کە ئاژانسەکەمان سەکۆیەکی میدیایی پسپۆڕ و تایبەت بە ژنانە، کە کار دەکات بۆ ڕووناککردنەوە و تیشکخستنە سەر کێشەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ژنان لە ناوچەکانی جەنگ، ژنانی ئەفریقا و بە گشتی تەواوی ژنان.
مەودە ئاماژەی بەوەدا کە ئاژانسەکە هەوڵ دەدات دەنگی ئەو ژنانە بەرز بکاتەوە کە هیچ شوێنێکیان نییە بۆ دەربڕینی خۆیان و وتی: من زۆر دڵگرانم بەو هێرشانەی کە لەم دواییانەدا کرانە سەر ئاژانسەکە. ئاژانسەکە بەهۆی هەوڵە بێوچانەکانی ڕۆژنامەنووسە ژنەکانیەوە کە سەرەڕای بارودۆخی سەخت و هەڕەشەکانیش، دڵسۆزانە بۆ ناساندنی دەنگی ژنان تێدەکۆشن، بەردەوامە لە کارەکانی. چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد کە بەم شێوەیە بکرێنە ئامانج.
مەودە جومەعی ڕەخنەی لەو هەوڵانە گرت کە دەیانەوێت ناوی ئاژانسەکە بزڕێنن و گومان لە پاکی و ڕاستگۆیی کارەکانی بکەن وەک ڕێکخراوێکی میدیایی ژنان، و پابەندبوونی خۆی و تیمەکەی بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان دووپاتکردەوە.
هەروەها مەودە جەختی لە گرنگیی یەکڕیزی و پشتگیریکردنی ئاژانسەکە کردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بەربەستانەداو ڕایگەیاند کە ئەم ئاژانسە دەستکەوتێکی گرنگە و دەبێت بپارێزرێت.
لە کۆتاییدا، مەودە جومەعی تیشکی خستە سەر ئامانجی ئەوان وەک ڕۆژنامەنووسانی ژن بۆ گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکانیان؛ کە ئەویش بەدیهێنانی داواکارییەکانی ژنان و بنیاتنانی فێمینیزمێکی ڕاستەقینەیە، کە لە چوارچێوە باوەکان تێپەڕێت و دەنگ و دۆسیە دادپەروەرەکانی ژنان بەهێزتر بکات.