چالاکوانێکی مەغریبی داوای هاوکاری ژنان دەکات
عایشە لاخماس چالاکوانی مەغریبی ئاماژەی بەوەدا کە لە ئەنجامی شەڕەکاندا ژیان لە جیهاندا لە ناو دەچێت و داوای لە هەموو بزووتنەوەکانی ژنان کرد لە دژی ئەمە هاوکار بن.
حەنان حارت
مەغریب – بزووتنەوەی ژنانی مەغریب دەنگی خۆی بۆ هەموو بزووتنەوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا زیاد دەکات و دەڵێت "نا" بۆ جینۆساید و تاوان و شەڕەکانی دژی مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، بزووتنەوەکە داوای لە بزووتنەوەکانی ژنان لە مەغریب و لە سەرانسەری جیهان کرد کە دەنگی خۆیان لە دژی ئەو کردەوانە بەرز بکەنەوە کە لە سووریا، فەلەستین، لوبنان و وڵاتانی دیکە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن.
'هاوکاری نێوان بزووتنەوەکانی ژنان گرنگە'
عایشە لاخماس، چالاکوانی مەغریبی و ئەندامی کۆمەڵەی سەندیکای کرێکاری ژنان، باسی لە دۆخی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان کرد و وتی: دۆخی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکان سەختە، ئەو شەڕ و ململانێیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، دۆخی ژنان قورستر دەکات و ناچاریان دەکات باجی قورس بدەن، تێکۆشان دەبێت بە هەموو شێوەکانییەوە لە هەموو وڵاتان درێژەی پێبدرێت، هەروەها هاوکاری نێوان بزووتنەوەکانی ژنان و هەموو پێکهاتەکانیان لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە، تۆڕی ژنانی عەرەبی ڤسۆن یەکێکە لەو تۆڕانەی ژنان کە کار بۆ ژنانی ناوچەکە دەکات.
'شەڕ و ململانێ لەسەر حیسابی گەل بەڕێوەدەچێت'
عایشە لاخماس هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو ململانێ سەربازییانە کرد کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و وتی: ئیسرائیل لە ململانێ سەربازییەکان و گرژییەکانی نێوان هەندێک دەوڵەت و ئیسرائیلدا پاڵپشتی لە وڵاتانی ئەوروپا وەردەگرێت، چونکە ئیسرائیل و دەوڵەتانی ئەوروپا بەرژەوەندی ماددییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم شەڕ و ململانێیانە لەسەر حیسابی گەلان بەڕێوەدەچن و ڕێگری لە دەوڵەتانی عەرەبی دەکەن کە یەکێتی و پێشکەوتنی خۆیان بنیات بنێن.
'سەرەڕای جیاوازی مەزهەبەکان، ئارەزووی ژنان وەک یەکن'
عایشە لاخماس جەختی لە گرنگی هاوکاری نێوان بزووتنەوەکانی ژنان کردەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بونیادنانی هاوکاری نێوان بزووتنەوەکانی ژنان لە دەوڵەتانی باکوور و باشوور گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جینۆساید دژی ژنان، چونکە ژنان هەمیشە زیانبەرکەوتووی شەڕن، ژنان لە هەموو شەڕ و ململانێکاندا ڕۆڵی خۆیان بینیوە، دۆخی ژنان لە فەلەستین، سووریا، لوبنان، سودان و زۆر وڵاتی دیکە لە ژێر چاودێریدایە، بۆیە ژنان پشت بە خەبات و بەرخۆدان دەبەستن، هەرچەندە مەزهەب و پێکهاتەکانیان جیاوازن، بەڵام خواستیان وەک یەکە، ئەویش بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامییە، لە ڕێگەی تۆڕەکانی ژنانەوە، بە ئاسانی دەتوانین پەیوەندی لە نێوان ژناندا دروست بکەین و بەرەی ژنان لە دژی پشتگوێخستن و لەناوبردن دروست بکەین.
'جیهان بە شەڕ لەناو دەچێت'
عایشە لاخماس سەرنجی بۆ دەرئەنجامەکانی شەڕ لە جیهاندا ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە جیهان بەهۆی شەڕەکانەوە لەناو دەچێت وتیشی: ئەمڕۆ بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە جیهان لەناو دەچێت، لە ڕێگەی هاوپشتی و ئاڵوگۆڕی فیکری و کۆبوونەوە دەتوانین کۆتایی بە جینۆساید و لەناوبردنی جیهان بهێنین، لە هەر شوێنێک شەڕ ڕووبدات کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکە دەبێت، لە ئێستادا شەڕێکی جددی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە، کە کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی باکوور و باشوور هەیە.