چالاکوانێک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ جاری دووەم سزا درا
موتەهەر گونەیی، زیندانیی سیاسیی پێشووی ئێران و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە لایەن لقی ٢٩ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای ٢١ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لەبارەی سزادانی زیندانییەکی سیاسیی پێشووی ئێران ڕایگەیاند، موتەهەر گونەیی زیندانیی سیاسیی پێشووی ئێران و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە لایەن لقی ٢٩ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای ٢١ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە چالاکوانە بە تۆمەتی “پرۆپاگەندە دژ بە دەوڵەت و بێڕێزی کردن بە ڕێبەری باڵای ئێران” سزا دراوە، پرۆسەی دادگاییکردن و دەرچوونی بڕیارەکە کەمتر لە هەفتەیەکی خایاندووە و هەروەها مۆبایلەکەی دەستی بەسەردا گیراوە.
جێگای ئاماژەیە، موتەهەرە گونەیی، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و زیندانیی سیاسیی پێشووی ئێران، لە ١٤ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە کاتی شەری نێوان ئێران و ئیسرائیل بەهۆکاری ئەمنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی ئەوین کرا، بەڵام دواتر بەهۆی بۆردوومانکردنی زیندانی ئەوین لە لایەن ئیسرائیلەوە، لەگەڵ زیندانیانی دیکەی سیاسیی بۆ زیندانی قەرچەک گوازرایەوە و لە دوای ٣٤ ڕۆژ بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.