چالاکوانێک لە سوەیدا: کۆنفرانس پلاتفۆرمێکی گرنگە بۆ دووپاتکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە داڕشتنی داهاتوویەکی دادپەروەرتر
لە کۆنفرانسی هاوپەیمانی ژنان کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو، ئیناس نەعیم، چالاکوان دەنگی ژنانی سوەیدای بەرجەستە کردو جەختی لەوەکردەوە کە ژنان نەک هەر ئامادەن، بەڵکو چالاک و کاریگەرن لە داڕشتنی داهاتوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دادپەروەرتر.

ڕۆشێل جونیور
سوەیدا –بەدروشمی "هاوپەیمانی ژنان بناغەی بونیادنانی دادپەروەری و دیموکراتییە لە سووریایەکی لامەرکەزی یەکگرتوودا"، کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا کۆنفرانسێکی فراوانکراوی ژنانیان لە شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێکخست لە ڕۆژی ٢٠ی ئەیلوول، بۆ یەکخستنی دیدگاکانی ژنان لە قۆناغی داهاتوو و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە داڕشتنی داهاتوویەکی دادپەروەرتر و دیموکراتیتر.
"دەنگی ژنانی سوەیدا لە پرۆسەی دیموکراتی و گۆڕاندا"
لە نێو بەشداربووانی دیاری کۆنفڕانسەکەدا، ئیناس نەعیم، چالاکوانی سیاسی، هاوڵاتی شاخی باشان لە ناوچەی شاخی دروز، نوێنەرایەتی ژنانی سوەیدا بوو، لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن دەستەی ڕێکخەرەوە بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کردووە، جەختی لەوە کردەوە، کە بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی بوونی ژنان، نەک تەنها لەڕووی نوێنەرایەتییەوە، بەڵکو لەڕووی کاریگەری ڕاستەقینە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازیشدا.
ئەو ئەم بۆنەیەی بە سەکۆیەکی گرنگ زانی بۆ دووپاتکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە داڕشتنی داهاتوویەکی گشتگیرتر و دادپەروەرتر، وتی: پێویستمان بەم پایە بەهێز و چەسپاوانە هەیە، چونکە هەموو هەوڵێکی سەرکەوتوو تەنها لەسەر بناغەیەکی ڕاستەقینەی ژنان بونیاد دەنرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە دیموکراتی بەبێ بەشداری ژنان لە داڕشتنی دەستوور و لە هەموو لایەنەکانی قۆناغی داهاتوودا بەدی نایەت، دیموکراتی لە سەرەوە بۆ خوارەوە بونیاد نەنراوە، بەڵکو لە بنەڕەتەوە، لە هاوڵاتیانەوە و بە تایبەتی لە ژنانەوە بونیاد دەنرێت، هەروەها دەرکردنی ژنان لەم پرۆسەیەدا واتای ئەو پرۆسەیە دەشێوێنێت، کۆنفرانسەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە دامەزراندنی ئامادەی ژنان چ لە سوەیدا و چ لە ناوچەکانی دیکە، لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنیدا.
"ئامادەبوونێکی ڕاستەقینە لە هێڵەکانی پێشەوە"
سەبارەت بەو ڕۆڵە گرنگەی کە ژنان لە سوەیدا لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر شارەکەدا بینییان، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان لە دڵی چالاکییەکەدا بوون، پشتیوانی و فریاگوزاری سەرەتای، گواستنەوەی بریندارەکان، ئامادەکردنی ژەمەکان و پێشکەشکردنی پشتیوانی ئەخلاقی بۆ شەڕڤانانی بەرەکانی پێشەوە، شانازی بە خۆمانەوە دەکەین، چونکە بۆ جیهان سەلماندوومانە کە هێزی تەواومان هەیە بۆ بەشداریکردن لە قۆناغی داهاتوودا.
ئیناس نەعیم ڕوونیشیکردەوە، دامەزراوەیەکی سەربازی ڕێکخراو بە ناوی "پاسەوانی نیشتمانی" پێکهێنراوە، کە ژنان پێگەیەکی یاسایییان دەبێت و دەتوانن بەشداری بکەن، چەترێک پێکدەهێنن کە هەمووان کۆدەکاتەوە، وتی: ژنەکانمان ئامادەن بچنە ناو دامەزراوەیەکی سەربازی ڕێکخراو و یاساییەوە، کە ئەمە ئاماژەیەکی هیمای نییە، بەڵکو جێگیرکردنی ڕاستەقینەی ڕۆڵی ژنانە لە بەرگری و ڕێکخستندا.
ئیناس نەعیم، چالاکوانی سیاسی بەشداری کۆنفرانسی فراوانکراوی هاوپەیمانی ژنانی لە شاری حەسەکە کرد، پەیامی ژنانی سوەیدای گەیاند کە هەڵوێستی ڕوونی تێدابوو، ئەم پەیامانە خزمەتیان بە نیشاندانی ئەوە کرد کە ژنان لە سوەیدا تەنها لە کردەی مەیدانیدا ئامادە نین، بەڵکو لە ئامێزگرتنی دیدگایەکی فیکری و مەعنەویە کە پێگەی خۆیان بەرز دەکاتەوە و داوای چالاککردنی ڕۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا دەکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم کۆبوونەوەیەی بە نمونەیەکی ناوازەی یەکگرتن لە پێنوسدا، کە هیچ کەسێک بەدەر نییە، بەڵکو ڕۆڵەکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و بەرپرسیارێتیە، و دوور لە پەراوێزخستن یان ژێردەستەیی دابەشدەکرێتەوە.