ژنانی ئێزدی: بە هێرش ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن

ژنانی ئێزدی کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نیشان دا و ڕایانگەیاند، هەرگیز لە فڕۆکە و تانک و تۆپخانەکانی دەوڵەتی تورک ناترسن و هێرشە دڕندەکان هەرگیز ئیرادەیان ناشکێنێت.

شەنگال

 

دەوڵەتی تورکیا لە شەوی ٢٣ی تشرینی یەکەمەوە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شەنگال و باشووری کوردستان ئەنجام دەدات. لەم هێرشانەدا خەڵکی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. ژنانی ئێزدی کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نیشان دا و ڕایانگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک خەباتیان ڕاناگرێت.

 

"ئێمە لێیان ناترسین"

نەعیم بەدەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ ئاماژەی بەوەدا، هەموو جیهان بینیویەتی کە دەوڵەتی تورکیا چۆن بە فڕۆکە هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و کۆمەڵگەی ئێزدی و دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا ماڵێکی بۆردوومان کرد لە گوندی دیگورێ لە شنگال و لە ئەنجامدا ژنێک بریندار بوو. دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکە بۆردوومانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات. بە فڕۆکەکانی شوێنە گرنگەکانی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج. لە ئێوارەی دوێنێوە بێ وەستان لە شەنگال و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان بۆردوومان دەکات، لە لایەکی دیکەوە هەڵبژاردنی باشوور لە ٢٠ی مانگ بەڕێوەچوو، لە ٢٣ی مانگدا عێراق زۆرێک لە هێزەکانی خۆی لە شەنگال جێگیر کرد و شەوی ٢٣ی مانگ دەوڵەتی تورک بە فڕۆکە هێرشی کردە سەر، ئەمەش بە واتای سازشکردن دێت. ڕێککەوتن لەسەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شەنگال هەیە. بەڵام هەرچییەک بکەن، کۆمەڵگە لەوان و لە فڕۆکە و تانک و تۆپەکانیان ناترسێت و هەنگاوێک بۆ دواوە نادات، سەرەڕای هێرشەکان، ئێمە خەباتمان ڕانەگرتووە، هەرگیز ناترسین و دژی سیاسەتە قڕێژەکان دەوەستینەوە.

 

"ئێمە لە پشت ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدەکانمانەوەین"

زۆزان سیمۆ، ئەندامی لیژنەی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکە جەنگییەکانی بۆردوومانی شەنگال، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان دەکات و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، وتیشی: لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەکانی نانەواخانە و نەخۆشخانە و شوێنە گرنگەکان دەکاتە ئامانج. فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا هێشتا ئەم سێ ناوچەیەیان بەجێنەهێشتووە و تا ئێستاش ناوچەکە بۆردوومان دەکات، شەهیدانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنها شەهیدی خانەوادەکانیان نین، بەڵکو شەهیدی ئێمەن، هیوای شیفا بۆ بریندارەکان دەخوازین. هەرچەند فڕۆکە هەبێت ئێمە هێزمان زیاتر دەبێت و لەپشت هێزەکانمانەوەین، لەپشت کچ و کوڕەکانمانەوەین کە ئەمڕۆ خۆیان لە دژی هێرش و فڕۆکەکان کردووە بە قەڵغان کردووە. با بزانن هەرچەند فڕۆکە بێن ئێمە زیاتر ڕێکخراو دەبین و هێزی زیاترمان دەبێت. تا کۆتایی لە پشت ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدەکانمانەوەین.

 

"هەرگیز دەستبەرداری ئەم دۆزە نابین"

ئیمشە کۆرکۆرکی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شەنگال وتی: دەوڵەتی تورکیا لە ئێوارەی دوێنێوە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکەمان، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەکانی ناوچە مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج. منداڵەکانمان بە فڕۆکە دەکاتە ئامانج. وەک ژنان و کۆمەڵگەی شەنگال هەرگیز دەستبەرداری دۆز و تۆڵەمان نابین، ئێمە لە تانک و تۆپەکانیان ناترسین، پاشەکشە ناکەین.