بڕیاری لابردنی باج لەسەر پێداویستیەکانی سوڕی مانگانە دەدرێت

بە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، بڕیاری لابردنی باج لەسەر پێداویستیەکانی سوڕی مانگانە دەکەویتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ناوەندی هەواڵ

ڕۆژی هەینی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ وڵاتی بریتانیا بڕیاریدا بە لابردنی باجی تامپۆن و پێداویستیە تەندروستیەکانی ژنان لە  کاتی سوری مانگانە.

پێشتر ڕیشی سوناک سەرۆکی خەزێنەی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو بۆ مانگی سێ باجی تامپۆن لە ناو بودجەی وڵاتەکەی دەسڕێتەوە، لە ئێستاشدا بڕیاری دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، باجی سەر ئەم پێداویستیانەش لابراون و بە زووترین کات بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە لە سەرانسەری بەریتانیادا

ئەم بڕیارەی حکومەتی بریتانیا لە لایەن چالاکوانان و پارێزەرانی مافی ژن پێشوازی لێکرا و داوا دەکرێت وڵاتانی ئەوروپاش بە هەمان شێوە باجی سەر پێداویستیە تەندروستیەکانی ژنان لە کاتی سوری مانگانە لاببەن، وەزارەتی دارای بەریتانیاش پێشتر ڕایگەیاندبوو بە لابردنی باجی تامپۆن چاوەڕوان دەکرێت ژنانی چینی ناوەند بتوانن بڕیکی زۆر لە پارەکانیان پاشەکەوت بکەن.

باجی تامپۆن، بەو باجە دەوترێت لەسەر پێداویستی تەندروستی ژنان دانراوە، ئەم پێداویستیانە لە کاتی سوری مانگانە بەکار دێن و هەر ئەمەش هۆکاری ناو نانیەتی بە باجی تامپۆن، بە پێی یاسای وڵاتانی ئەوروپا پێداویستیە تەندروستیەکانی ژنان وەک سانتی، تامپۆن و ئەو بابەتانەی کە لە کاتی سوری مانگانە لە لایەن ژنانەوە بەکاردێن بە کاڵای لوکس و ناپێویست ناسراون و باجیان لەسەر دانراوە، ساڵانە ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کە باجی سەر ئەم پێداویستیانە هەلبگیرێت بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو.

 

ئیرلەندا، کەنەدا و ئۆسترالیا پێشتر باجی تامپۆنیان نەهێشتبوو، لابردنی ئەم باجە لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە هەنگاوێکی تر چالاکوانانی ژنی لە ئامانجەکانیان نزیک کردەوە.