بڕیارێک ژنانی مەکسیکی دڵخۆش کرد

مەکسیک یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕێگریکردن لە لەباربردنی منداڵ ڕەتدەکاتەوە و بە پێشێلکردنی مافی ژنانی لە قەڵەم دەدات، هەر بۆیە لە کۆی ١١ دادوەر ٨ دادوەر بڕیاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە دەرکردن کە بە هۆیەوە ژنان زیندانی دەکران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرواری ٧ی ئەیلول، لە دادگای مەکسیک دەنگدان ئەنجامدرا دەربارەی لەباربردنی منداڵ و ئەو یاسایەی کە دایکانی پێدەخرێنە زیندان، لە کۆی ١١ دادوەر ٨ دادوەر دەنگیاندا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەی کە لە ویلایەتی کواویلا دانراوە تایبەت بەو ژنانەی منداڵ لەباردەبەن و زیندانی دەکرێن بۆ ماوەی ٣ ساڵ، لەبەرامبەر بەو تاوانە ئەگەر لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیشەوە بووبێت.

 

ئەمەش لەدوای هەوڵەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان بوو لە مەکسیک کە جێبەجێکردنی ئەویاسایەیان بە پێشێلکردنی مافی ژنان دانا و هەڵوێستیان لە دژی نواند، لەباربردنی منداڵ تەنها لە دوو ویلایەت "مەکسیکۆ، ئواکساکا" یاساییە، جگە لەم دوو ویلایەتە ئەوانی دیکە ماوەی دە ساڵە قەدەغەی لەباربردنیان کردووە، هەر بۆیە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بووە مێژوویەک بۆ دەستکەوتنی مافی ژنانی مەکسیک.

 

ساڵی ڕابردوو دادوەرێک لە ویلایەتی ڤێراکروزی مەکسیک بڕیاری دادگای پەسەند کرد و بڕیاریدا ماددەکانی "١٤٩، ١٥٠، ١٥٤" لە یاسای سزادانی ناوخۆیی هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕێگە بە لەباربردنی منداڵ نادات لە ١٢ هەفتەی سەرەتای دووگیانییەوە دەبێت بە هۆکارێکی تەندروستی منداڵەکە لەبارببرێت یاخود لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسی بووبێت، ئەوەش تەنها لەو ویلایەتە جێبەجێدەکرا.

 

ڕۆژی ٧ی ئابی ٢٠١٩ دادگای باڵای دادی نەتەوەیی بڕیاریدا ئەو ژنانەی لە ئەنجامی دەسدرێژی سێکسی دووگیان بوون دەتوانن منداڵەکانیان لەباربەرن.

لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٩ ویلایەتی واهاکا بووە دووەم ویلایەت لە دوای مەکسیک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی لەباربردنی منداڵ لە سەرەتاکانی دووگیانی، بە هۆی ئەوەی ساڵانە نزیکەی ٩٠٠٠ لەباربردنی نایاسایی لە واهاکا ئەنجام دەدرا، کە بە ڕێژەی ٪١٧ لەلایەن ژنانی تەمەن ٢٠ ساڵەوە ئەنجام دەدران، ئامارەکانیش دەریان خستووە سێیەم هۆکار بۆ مردنی دایکان لەباربردنە.

 

یاسای لەباربردن و جێبەجێکردنیان لە هەموو لە ناوچەکان جیاوازن، لە وڵاتێک دابونەریت باڵی کێشابێت بەسەر ناوچەکەدا ژنان بە تاوانبار هەژمار دەکرێن ئەگەر منداڵ لەباربەرن و زیندانی دەکرێن.

 

ت.پ