"بتقدري" بە بۆنەیەکی گشتگیر بۆ ژنان ڕۆژی جیهانی ئاشتی پیرۆز دەکات

بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ئاشتی، دامەزراوەی کۆمەڵایەتی "بتقدري" "دەتوانیت" بۆنەیەکی ژنانی سازکرد کە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی، چالاکییەکە بریتی بوو لە چالاکییەکانی هۆشیاری و چالاکییە دڵخۆشکەرەکان.

مەیسا قازی

 

سودان - بەشداربووانی چالاکیی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی "بتقدري" "دەتوانیت" جەختیان لە گرنگی ئاشتی وەک پایەیەکی بنەڕەتی ژیان و گرنگی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بڵاوکردنەوەی کولتووری ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزیان کردەوە، کە نەبوونی ئاشتی کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری دەروونی و خێزان هەیە، هەروەها کاریگەری لەسەر منداڵان و کۆمەڵگە بە گشتی دەبێت.

 

لە چوارچێوەی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتی، دەزگای کۆمەڵگەی "بتقدري" "دەتوانیت" ڕۆژی ٢١ی ئەیلوول، بۆنەیەکی ڕێکخست کە تیایدا تیشک خرایە سەر گرنگی ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی ژنامەوە، کە ئامانجی چالاکییەکە بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان بوو لە گەیشتن بە ئاشتی و تیشک خستنە سەر ئەو ئاڵەنگاریانەی کە لەم چوارچێوەیەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەرنامەی چالاکییەکە بریتی بوو لە نمایشکردنی فیلمێک کە باس لە پرسی توندوتیژی دەکات، هەروەها گفتوگۆیەک لە نێوان بەشداربووان سەبارەت بەو شتانەی لە فیلمەکە فێربوون و ئەو پەیامانەی کە دەیگەیەنێت، لەگەڵ دانیشتنێکی پشتیوانی دەروونی لەخۆگرتبوو کە باس لە چەمکی توندوتیژی و جۆروککانی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا کرا.

 

هەروەها بەرنامەکە بەشەکانی چالاکی دڵخۆشکەری لەخۆگرتبوو، لەوانە گۆرانی دەلوکە، کە جۆرێکە لە گۆرانی فۆلکلۆر و کۆبوونەوەی گروپی بۆ ئامادەبووان، بۆ ئەوەی یەکتر بناسن و کۆمەڵگەیەکی پشتیوانی ئاشتی دروست بکەن، هەروەها بازاڕێکی پاڵپشتیکردنی ژنان بەڕێوەچوو، بە بەشداری ژنانی خاوەنکار لە ناوچەکە، چالاکییەکە بە چەند پێشنیارێک کۆتایی هات، دیارترینیان بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بڕیاردان و پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی ناوخۆی.

 

عائیشە وەلید، ئەفسەری پاراستن لە ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی "بتقدري" جەختی لە گرنگی ئەو بۆنەیە کردەوە، کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە هۆکار و کاریگەرییەکانی توندوتیژی ڕەگەزی و تیشک خستنە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ژنان دەیگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی، و بڵاوکردنەوەی کولتووری ئاشتی، وتی: ئێمە کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە، بەتایبەتی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی، چونکە زۆر گرنگە کە ئێمە بەشێکی چالاک بین لەم ڕۆژەدا، بۆ ئەوەی بە ڕوونی پەیامەکەمان بگەیەنین، هۆشیاری بەردی بناغەیە، چونکە تێگەیشتن لەو هۆکارانەی کە ڕەنگە هەندێک پاڵنەر بن بۆ بەشداریکردن لە توندوتیژی، وەک زەبر و زەنگی منداڵی یان فشارە دەروونییەکان، یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی باشتر ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە و چارەسەری بکەین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە تێگەیشتن لە سروشتی توندوتیژی و جۆرەکانی و هۆکارەکانی و کاردانەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتی گرنگییەکی سەرەکی هەیە، بۆیە ئامانجی چالاکییەکە هۆشیارکردنەوەی ژنانی ئامادەبوو بوو، وتیشی: ئێمە پێمان وایە گۆڕانکاری لە خودی ژنانەوە دەستپێدەکات، بۆیە دەبێت دەنگمان بەرزبکەینەوە و دەستپێشخەری گۆڕانکاری بین، بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دەستەبەر بکەین، چونکە ژنان هەوێنی کۆمەڵگەن و توانای بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ڕەتکردنەوەی توندوتیژییان هەیە لە هەر کوێیەک بن، هەروەها کاتێک ژنان ئاگاداری مافەکانیان دەبن و تێدەگەن کە توندوتیژی چییە، ئەوا دەسەڵاتیان پێدەدرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی، ژیان جوانتر و سەلامەتتر دەکات بۆ هەمووان.

 

عائیشە وەلید پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم ژنان کرد، داوای هاودەنگی و کردەوەی هاوبەشی کرد بۆ بونیادنانی جیهانێکی ئاشتی و ئازادی لە توندوتیژی، با پێکەوە کاربکەین بۆ جیهانێکی ئاشتی، ئێمەی دایکان و دراوسێکان و خۆشەویستان و دۆستەکان، هێزی گۆڕانمان هەیە بە قسەیەکی میهرەبان و بە درێژکردنەوەی دەستەکانمان بە ئاشتی و بە وەستانەوە لەگەڵ ژنانی گەنج و گەنجان و دراوسێکانمان، بەرگریکردن لە مافەکان و ڕەتکردنەوەی نادادپەروەری، ئێمە توانای گۆڕانکاریمان هەیە، ئێمە دەسەڵاتین.

"ئاشتی پەناگەیەکی سەلامەتە"

لە چالاکییەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە هەموو تەمەنێکدا بەشداربوون، لەنێویاندا ڕیم عەبدە بیلال، خوێندکاری زانکۆ کە دیدگای تایبەتی خۆی بۆ واتای ئاشتی باسکرد، وتی بۆ من ئاشتی پەناگەی سەلامەتییە، لە دۆخی ئاشتەوای و ئارامی ناوەوەدا بوون، کە ئەمە هەستێکی جوانە، توانای بڵاوکردنەوەی ئەم ئارامییە لە دەوروبەرمدا شتێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە، نەبوونی ئاشتی لە جیهاندا بە ئازارە، بەتایبەت بۆ ئێمە وەک ژن، چونکە کاتێک بەر جۆرەها توندوتیژی دەبین، کاریگەرییەکی قووڵ لەسەرمان بەجێدەهێڵێت، ئەگەر نەتوانین ئاشتی لەناو خێزانەکانماندا بونیاد بنێین، بێ گومان توندوتیژی جێگەی خۆی دەگرێتەوە و یەکەم کەس دەبین کە زیانمان پێدەگات.

 

ئەو سەرسامییەکی گەورەی خۆی بۆ بەرنامەی چالاکییەکە دەربڕی، کە ستایشی کەشوهەوای ئەرێنی و چالاکیە دڵخۆشکەرەکانی کرد، هەروەها ڕۆحێکی خۆشی و پەیوەندی لەنێو بەشداربوواندا هێنایە ئاراوە، وتیشی: ڕۆژەکە جوان بوو، چالاکیە دڵخۆشکەرەکانیش، وەک کۆبوونەوەی قاوە و گۆرانی دەلوکە ، نایاب بوون، هیوادارم ئەم جۆرە بۆنەیە بە بەردەوامی بەڕێوەبچێت، چونکە ئێمە وەک ژن پێویستمان بەو جۆرە شوێنانە هەیە کە دڵخۆشیمان بۆ بهێنن و لەو فشارانە ڕزگارمان بکەن کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

"بێ ئاشتی ژیان بوونی نییە"

عەزیزە بابەکەر، یەکێک لە بەشداربووانی چالاکییەکە ڕوونیکردەوە، کە ئاشتی واتە ئاسایش، هەستکردن بە نیشتمان، ماڵ، خێزان، منداڵ، و هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ دەگرێتەوە، جا چ ماڵێک بێت، وڵاتێک بێت، یان خێزانێک بێت، ئاشتی واتە نەبوونی کێشە، نە ململانێ و نە شەڕ، چونکە ئاشتی تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو پێویستییەکە کە بەبێ ئەو ژیان بوونی نییە، جەختی لەسەر گرنگی هەموو هەوڵێک کردەوە بۆ بەدەستهێنانی، وتی: پێویستە ئەو شتانە بکەین کە بەدەست نەهاتوون بۆ ئەوەی ئاشتی زاڵ بێت، چونکە بەبێ ئاشتی ژیان بوونی نییە.

 

سەبارەت بە کاریگەرییە قوڵەکانی نەبوونی ئاشتی لەسەر ژنان بەتایبەتی، ڕوونیکردەوە، کە نەبوونی کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی لەناو خێزان و کۆمەڵگەکاندا هەیە، نەبوونی ئاشتی ئیفلیجمان دەکات، دوامان دەخات، لەڕووی دەروونییەوە ناسەقامگیرمان دەکات، خێزانەکانمان ناسەقامگیری دەکات، هەروەها کاریگەری لەسەر سۆز و ئاستی خوێندنی منداڵەکانمان دەبێت، چونکە بەبێ ئاشتی مرۆڤ ناجێگیرە، ئاشتی ئەوەیە کە هاوسەنگی دەروونی و ماددی و خێزانی و سۆزداری بە مرۆڤ دەبەخشێت.

 

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، جەختکردنەوە لەسەر پێویستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە گرنگی ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە گەیشتن بە ئاشتی و دروستکردنی هاوبەشی نوێ لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی ناوخۆی کرا، بۆ پێشخستنی چەمکی ئاشتی و بڵاوکردنەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوان.