بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و هاوڕێیانی سەردانی گڵکۆی شەهید هێرۆ بەهادینیان کرد
هاوڕێ و هاوکارە ڕۆژنامەنووسەکانی شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرۆ بەهادین، ماڵباتی شەهیدان و چالاکوانان، بۆ بەبیرهێنانەوە و نزیکبوونەوە لە ساڵیادی شەهیدکردنی سەردانی گڵکۆکەیان کرد.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی- پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی قەرەتۆغان لە شاری سلێمانی،هاوڕێ و هاوکارە ڕۆژنامەنووسەکانی شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرۆ بەهادین، ماڵباتی شەهیدان و چالاکوانان لەگەڵ کۆمپانیای میدیایی چەتر، بۆ بەبیرهێنانەوە و نزیکبوونەوە لە ساڵیادی شەهیدکردنی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا کە لە ٢٣ی ئابی ساڵێ ڕابردوو کرانە ئامانج، سەردانی گڵکۆی هێرۆ بەهادینیان کردو دەستپێک بە خولەکێک وەستان ڕێز لە شەهیدان گیرا.
بە ئامانج کردنی هەردوو رۆژنامەنووس لە کاتێکدا بوو کە تیمێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای میدیای چەتر بۆ کاری میدیایی لە ڕاگەیاندنی ئازاد، بەمەبەستی تۆمارکردنی چەند بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕوویان لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کردبوو، لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەیان کرا و بە هۆیەوە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، شەهید بوون.
"گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین خواوەندی گەیاندنی دەنگی ئازاد و ڕاستییەکان بوون"
سنور ڕەحمان، ڕۆژنامەنووس و هاوڕێ و هاوکاری هەردوو شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین ئاماژەی بەوەکرد، بە درێژایی مێژوو و هەڵدانەوەی مێژووی کورد لە ناوچەکەدا هەردەم ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکارییەکان بۆتەوە، هەردەم کوردی ئازادیخواز لە هەوڵی هێنانەدی ئازادیدا بۆ تەواوی جیهان بووە، وتی: چاپەمەنی ئازاد بەشێک لە خەباتی ئازادیخوازان بووە، گەلی کورد و ئازادیخوازان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە ئازادەکانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی خەبات و ئازادی خاکیان داوە، بەردەوام ئازادی خوازا و ڕۆژنامەنوسانی ئازاد قوربانی و شەهیدیان لەپیناو گەیاندنی دەنگی ئازاددا داوە، لەمڕۆ و لە نزیکبونەوەمان لە شاڤەگەڕی شەهیدکردنی شەهید هێرۆ بەهادین و گوڵستانتارا، لە کاتی گەیاندنی دەنگی حەقیقەتدا شەهیدکران، کە هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس دەنگی ئازاد خواوەندی گەیاندنی ڕاستییەکان بوون، دوو ڕۆژی دیکە ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووسدا تێدەپەڕێت، ئێمەی ڕاگەیاندنی ئازاد پاشەکشەمان لە گەیاندنی ڕاستی و حەقیقەت نەکردووە، شەهید کردنیان بۆ کاتی شەڕ لەگەڵ دەوڵيتی داگیرکەردا دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ئێستادا هەبوونی پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەیە، بۆیە هەبوون و دروستبوونی پرسی ئاشتی بۆ خوێنی شەهیدەکانمان دەگەڕێتەوە، کە بۆ ئاستی پێکەوەی گیانیان بەختکردووە.
لە کۆتاییدا وتی: ئێمە لە مەزاری هێرۆی گەرمەسێر کە لە گوندی تیمار لە دایک بوو، لەگەڵ حەسرەتی بۆ دایکانی ئەنفال و هەڵەبجە گەورە ببوو، ڕوویکردە شاری سلێمانی و شاری ڕۆشنبیری تا خەباتی ئازادیخوازی درێژە پێبدات، هەر لێرە گوڵستان تارا و ئێمەی ناسی، ئێمەش لە حزوری ئەو و دایکانی شەهیددا بەڵێنی بەردەوامی لەسەر ڕێ و
ڕێبازی شەهید هێرۆ دووپات دەکەینەوە.
" هاوڕێ و هاوکارەکانی شەهیدان درێژەدەری خەبات و گەیاندنی حەقیقەتن "
نەورۆز فازیل، هاوڵاتی باسی لە شەهیدکردنی هێرۆ و گوڵستان کردو وتی: شەهید هێرۆ لەگەڵ هاوڕێیانی لە دەزگای میدیایی چەتر تا کۆتا نەفەسی خەباتی لەسەر فکر و فەلسەفەیەک دەکرد، ئێستە دەبینم هاوڕێ و هاوکاراکانی دەستە خوشک و براکانی درێژەدەری ئەو ڕێ و ڕێبازەن، ئەوان بە کار و خەباتیان درێژە بە کاری هێر ۆ و گوڵستان دەدەن، بە دوژممن دەڵێن ئێمە لە خەبات ناوەستین، لە پای شەهیدبوونیان بونەتە ئەزمونێک بۆ هاوڕێ و هاوکارەکانیان، هەروەها سەردانیکردنی دایکی شەهیدان دووپاتی دەکاتەوە شەهید و ڕۆڵەی تێکۆشەری دیکە وەک منداڵ و شەهیدی خۆیان دەبینن.
" درێژەدەری ڕێبازی شەهید هێرۆ و شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەبین "
هێشوو شوانە، ڕۆژنامەنووسی ئازاد ئاماژەی بەوەکرد ڕۆژی ٢٣ی ئاب ساڵێک بەسەر ژیان ئاوایی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووسی ئازاد گوڵستان تارا و هیرۆ بەهادیندا گوزەر دەکات، ڕۆژنامەنوسانی ئازاد سەردانی گڵکۆی شەهید هێرۆ کراوە، وتی: شەهید هێرۆ بوێر و سەربەرزانە کاری لەسەر پرسەکانی ژنان و حەقیقەت دەکرد، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ئێمەی ڕۆژنامەنووسان سەردانی مەزاری شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازادمان کرد، تا بەڵێنی بەردەوامی دووبارە بکەینەوە، دەسەڵات هەردەم لە ڕاگەیندکار و ڕۆژنامەنوسی ئازاد دەترسێت، بۆیە لە ڕێگەی سیخوڕانەوە هێرشدەکاتە سەریان و شەهید و دەستبەسەریان دەکات، وا دەزانن دەتوانن بە شەهیدکردن و تیرۆرکردن دەنگی ڕاستی لەناو ببەن، بەڵام سەدان هێرۆ درێژەدەری خەبات دەبێت.
لە کۆتاییدا وتیشی: ئیمە درێژەدەری ڕێ و ڕێبازی شەهیدانمان دەبین، بەردەوام لە ڕێگەی پێنووسە ئازادەکانمانەوە بۆ ئازادی و دەنگی ژن و حەقیقەت تێدەکۆشین، شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەردەوام لە زهنیەتماندا دەمێننەوە.