"بەشێك لە میدیاكان هیچ خزمەتێك بە پرسی رێگریكردن لە توندوتیژی ناكەن لەناو كۆمەڵگەدا "
سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، بەشێك لە میدیاكان ڕوماڵی نەرێنی حاڵەتەكانی مردن بە خۆكوژی دەكەن، هیچ خزمەتێك بە پرسی رێگریكردن لە توندوتیژی و بیری خۆكوژی و خودئازاردان ناكات لە ناوكۆمەڵگەدا.
ناوەندی هەواڵ
سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ سەبارەت بە ڕوماڵی رۆژنامەوانی كەیسەكانی خۆكوژی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: پاش ڕوودانی چەند حاڵەتێكی مردن بەخۆكوژی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان و ئەو ڕووماڵە نەرێنیەی بەشێكی زۆری میدیاكان كردیان تێبینی كرا زۆربەی میدیاو كەناڵەكان هەستان بە بڵاوكردنەوەو ڕووماڵكردنی هەواڵەكان بەشێوەیەك كە هیچ خزمەتێك بە پرسی ڕێگریكردن لە توندوتیژی و بیری خۆكوژی و خودئازاردان ناكات لەناو كۆمەڵگەدا، بەڵكو سەرجەم سنورەكانی ئیتیكی ڕۆژنامەوانی و پاراستنی شكۆی مرۆڤ و كلتوری كۆمەڵایەتی پێشێل كردوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، جێی خۆیەتی ڕووبكەنە داواكاری گشتی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیكای ڕۆژنامەنوسان كاری جدی و پێویست ئەنجام بدەن بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی لەم شێوازەو گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دژی هەر رۆژنامەنوس و دامودەزگایەكی میدیایی كە بەو شێوازە كار دەكات.
سەنتەرەکەڕاشیگەیاندووە، پێویستە سەرجەم میدیاكاران پایامنێران و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەكاتی ڕووماڵكردنی هەوالی مردن بە خۆكوژی دووربكەونەوە لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
١- دانەڕشتنی مانشێتی هەواڵەكان بە زمانێكی كارتێكەری وروژێنەر.
٢- دووركەوتنەوە لە وەصف كردن و باسكردنی وردەكاریی ڕێگا بەكارهاتووەكان بۆ كردەوەی خۆئازاردان و خۆكوژی.
٣-پێویستە لەكاتی ڕووماڵكردنی ئەم هەواڵانەدا ئاماژە بە بەشوێن و جێگای خۆكوژییەكە نەكرێت.
٤- بەهیچچ جۆرێك باس لە ووردەكارییەكانی یاداشت و نامە و پەیامەكانی كەسی قوربانی نەكرێت بە نمونە كۆتا پۆستی لە تۆڕە كۆمەلایەتیەكان ، دواین نامە و پەیوەندی تەلەفۆنی.
٥- دووركەوتنەوە لە ناوهێنان و وەصف كردنی كەسایەتی و وێنا كردنی قوربانیەكە.
٦- ناكرێت هۆكار و پاڵنەری سادە و سانا باس بكرێت و بڵاو بكرێتەوە وەك هۆكارێك بۆ كردەوەی خۆكوژی تاوەكو هەواڵەكە نەبێتە بەهانە و هاندانن بۆ كەسانی هاوشێوە.
٧- دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی وێنە و تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی كەسی قوربانی چونكە توێژینەوەكان دەریانخستوە كە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانەی كە پەیوەندی دارن بە كرداری خۆكوژی دەكرێت دووبارە لە ئاوەز و هزری كەسانی هاوشێوە دووبارە و چالاك ببنەوە.
٨-ناكرێت خۆكوژی وێنابكرێت وەك كردەوەیەكی ئاسایی و سروشتی و بەرگێكی سۆزداری بەبەردا بكرێت لەكاتی ڕوماڵ كردنی هەواڵەكەدا، یاخود وا نیشان بدرێت كە كردەوەكە تاكە چارەسەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان.
٩- دووركەوتنەوە لە زیادەڕەوی كردن لە وێنا كردنی كێشەی مردن بە خۆكوژی وەك ئەوەی بووبێت بە (دیاردە ، پەتا ، ڕێژەی زۆر ...) ناوزەند بكرێت .
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرەڕای ئەم خالانەی لای سەرەوە سەرجەم ڕێنمایی و ڕێكار و توێژینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە لەكاتی ڕوماڵ كردنی ئەم جۆرە هەواڵانەدا پێویستە میدیاكاران و ڕاگەیاندنكاران ڕێگاكانی خۆپارێزی باس بكەن، بە نمونە ڕوونكردنەوەی چارەسەركردنی كێشە دەروونی و كۆمەڵایەتیەكان بە ڕێگەی زانستی و خستنە ڕووی ڕێگەی زانستی بۆ زاڵبوون بەسەر كێشە و ئاڵنگاریەكان وە پێویستە ڕایی كەسانی پسپۆڕ لەم بوارەدا وەربگیرێت.