بەشداری ژنان لە وەرزشدا ئیرادەی پێشکەوتن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت

لە کۆمەڵگەکاندا تۆپی پێ و تێنسی سەر مێز وەک سەکۆیەک بۆ ناسنامە و یەکسانی ڕەگەزی کاردەکەن، وە بەشداری ژنان لەم وەرزشانەدا بیرکردنەوەی باوکسالارانەی باوی ناوچەکان دەشکێنێت.

سیرین محەمەد

 

حەلەب- یاریگا وەرزشییەکان لە سووریا بە پانتاییە فراوانەکانیانەوە بوونەتە سەکۆی گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی، ژنانیش لە چوارچێوەی ئەم یاریگایانەدا ئامادەیییەکی بەهێزیان دامەزراندووە، کە لە هێزو ڕۆڵی پیاوان کەمتر نییە، کە تێیدا دەنگی ژنان بەرز دەبێتەوە و چیرۆکی ئیرادە و خەباتی ژنانی تێدا دەنووسرێت.

 

چوارەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی شەهید هوکر بۆ خوێندکاران لە ماوەی دوو ڕۆژدا، لە ٢و ٣ی تشرینی دووەم لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب بەڕێوەچوو، چالاکییە وەرزشییەکانیش بریتی بوون لە پێشبڕکێی ڕاکردن و بازدان، وە ڕۆژی دووەمیش بریتی بوون لە هەڵپەڕکێی فۆلکلۆر، نیگارکێشان، گۆرانی و شانۆ.

 

ئیناس داغلی، هاوڵاتی عەفرین، کە تەمەنی ١٤ ساڵە دوای تەنها ساڵێک لە پەیوەندیکردن بە تیپی تێنسی سەرمێزی جودی ئامانۆس، جێپەنجەی خۆی تۆمارکرد و درەوشایەوە، هەر لەو ساتەوەختەی کە ڕێکتەکەی گرت بە دەستییەوە هەستی کرد کە خولیای بۆ وەرزشەکە زیاترە، بۆیە دەستی بە گەشتێک کرد بۆ پەرەپێدانی تواناکانی لە وەرزشەکەدا و بە وەرزشێکی جوان و چێژبەخش پێناسەی کرد.

 

وتی: ئەگەر ئەو پشتگیرییە گەورەیە نەبووایە کە لەلایەن ڕاهێنەرەکەیەوە وەریگرتووە، ژیانی وەرزشی بەردەوام نەدەبوو، کە هانی دەدا بەردەوام بێت و پەرە بە بەهرەکەی بدات، تا ئەمڕۆش بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لەگەڵ تیپەکەی بەردەوامە لە ڕاهێنانەکانی بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجێکی سەرەکی، کە بریتییە لە پەرەپێدانی بەهرەکەی لەم وەرزشەدا و گەیشتن بە ئاستە بەرزەکان.

 

ئیناس داغلی هانی ئەو منداڵە کچانەیدا کە خولیای تێنسی سەرمێزیان هەیە، بەوەی سوود لە بەهرەکانیان وەربگرن و هەنگاو بە هەنگاو پەرەی پێبدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەو ئامانجەی کە لە داهاتوودا ئارەزووی دەکەن، چونکە کۆڵنەدان بە تەنها توانای ئەوەی هەیە بتگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە خەونی پێوە دەبینیت.

 

ڕۆسلین مەحۆ، لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە بەردەوام بووە لە پەرەدان بە بەهرەی تۆپی پێی خۆی، بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی تیپەکەی ڕۆناهی ئامانۆس کە تەنها چوار مانگ لەمەوبەر دامەزراوە، هەرچەندە تیپەکەی هێشتا نوێیە، بەڵام بەشدارییەکی زۆری کردووە لە  پەرەپێدان و بەهێزکردنی بەهرەکەی.

 

گەشتەکەی لە سفرەوە دەست پێنەکردوە، بەڵکو لە سەردەمی خۆی لە ناوچەی شەهبا یاری تۆپی پێی دەکرد، بەڵام گەڕانەوەی بۆ حەلەب ئاسۆیەکی نوێی بۆ کردەوە کاتێک پەیوەندی بە تیپی ڕۆناهی ئامانۆسەوە کرد، وە لەوێ ژینگەیەکی پشتیوانیکەری دۆزیەوە کە یارمەتی پەرەپێدانی بەهرەکەی دا.

 

ڕۆسلین مەحۆ هیوایەکی زۆری هەیە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە یاریزانێکی گەورە و بە شانازییەوە نوێنەرایەتی شارەکەی خۆی عەفرین بکات، وە لە پەیامەکەیدا بۆ منداڵانی کچانی هاوتەمەنی، وتی: بەهرەکانتان پەرەپێبدە و ئەو تیپە هەڵبژێرن کە متمانە و پشتگیریتان پێدەبەخشێت، کۆڵنەدانیش ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە خەونەکانت.