بەسێ هۆزات: ئێمە چەکەکانمان سووتاند ئیتر نۆرەی لایەنی بەرامبەرە
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبارەت بە مەراسیمی چەک لەناوبردن وتی: ئیتر چەک بەربەست نییە، ئێمە چەکەکانمان سووتاند ئیتر نۆرەی لایەنی بەرامبەرە.

ناوەندی هەواڵ
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، کە پێشەنگایەتی مەراسیمی چەک لەناوبردنی گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد کە لە ٣٠ کەس پێکهاتن و لە ١١ی تەمووز لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی مەراسیمەکەیان ئەنجامدا؛ دەربارەی مەراسیمەکە قسەی بۆ "Numedya24" کرد.
"بەبێ دوودڵی هاتین"
بەسێ هۆزات وتی: "بەپێداگرییەکی ڕوونەوە هاتین. ئێمە دەزانین بۆ چ شتێک لێرەین. ئەم هەنگاوەمان هەڵوێستێکی سیاسییە، ئەم هەنگاوانە بەگوێرەی بانگەوازی ٢٧ ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ دەنرێن، لەلایەن بەڕێوەبەرییەوە هیچ دوودڵییەک نییە.
"بۆ چارەسەری دیموکراتیک هەنگاومان نا"
بەسێ هۆزات ڕایگەیاند بڕیاری چەکدانان نیشاندانی نیازپاکییە و دەبێت ئەم هەنگاوە بێ وەڵام نەمێنێت وتی: ئێمە نامانەوێت تەنها بە دابەزین لە چیاکان جێدەستی خۆمان دابنێین. دەمانەوێت لە ئامەد و ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ، ببینە پێشەنگی سیاسەتی دیموکراتیک. هەڵوێستەکانی ئێستەی دەوڵەت، ئەم گواستنەوەیە قورس دەکات.
"چیتر چەکەکان بەربەست نین"
بەسێ هۆزات دەربارەی سووتاندنی چەکەکان وتی: بۆ تەڤگەرێک کە بانگەوازی سیاسەتی دیموکراتیک دەکات، چیتر چەکەکان بەربەست نین. ئێمە دەمانەوێت بە جددییەت و بەرپرسیارێتییەوە ئەم بەربەستانە لاببەین، پرۆسەی ئاشتی بە تاک لایەنە نابێت.
"ئێمە فیداکارییمان نیشاندا، ئێستە چاوەڕێی هەنگاوین"
بەسێ هۆزات ڕایگەیاند بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ئەوەی لەدەستیان هاتووە کردوویانە و فیداکارییان نیشانداوە، وتی: ئیتر نۆرەی لایەنی بەرامبەرە. ئێمەی چاوەڕێی هەنگاونانین، هەڵوێستی دەوڵەت یەکلاکەرەوەیە بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە.
'جلوبەرگەکەم، ناسنامە سیاسییەکەم دەردەخات'
بەسێ هۆزات سەبارەت بە پرسیاری "بۆچی جلوبەرگەکەت لە گەریلاکانی تر جیاواز بوو"، وتی: من وەک نوێنەری تەڤگەرێکی سیاسی بەشداری مەراسیمەکە بووم. بۆیە جلوبەرگێکی جیاوازم هەڵبژارد. من نوێنەرایەتی ئەرکی هاوسەرۆکایەتی کەجەکە دەکەم.