بەرەی ژنانی باشوور: لەم ساڵانەی دواییدا کوشتنی ژنان لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە

بەرەی ژنانی باشوور لە بارەی کوشتنی دوو ژنی گەنج لە بەکرەجۆی سلێمانی ڕایگەیاند، لەم ساڵانەی دواییدا کوشتنی ژنان لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە لە کۆمەڵگەیەکی هەڵگری کەلتووری پیاوسالارییدا دەژیین.

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان، لە بارەی ڕووداوەکەی دوێنێی گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، کە برایەک دوو خوشکی خۆی کوشت ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی ژناندا هاتووە، وەک دەبینین لەم ساڵانەی دوایی ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژیی و دەستدێژیی کردنە سەر ژنان زۆر زیادی کردووە، بەداخەوە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە. بەشی زۆری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە خاوەنی کەلتوورێکی پیاو سالارییە، پیاو خۆی لە پێگەیەکی بەرزتر لە ژن دەبینێت، خۆی بە بڕیاردەر و خاوەن ماف دەبینێت لە بڕیاردان لە چارەنووس و ژیانی ژن دا.

 

ئاماژە بەوەشدراوە، لە ٢٥ی تشرینی دووەم نزیک دەبینەوە، کە مانگی بەرەنگاربوونەوەی توندیتیژیی بەرامبەر ژنانە، ئەگەر ئەوەندە کوشتن و توندوتیژیی ژن ئەبینین و ڕووبەڕووی ئەبینەوە، هۆکاری ئەوەیە ژنان بەرامبەر ڕووداوەکان بێ دەنگ ئەبن و تێکۆشانێک هاوبەش و یەکگرتوو ئەنجام نادەن، لە بەرامبەر ئەو کارەساتەی دوێنێ پێویست بوو ئەمڕۆ هەموو ژنان دەنگی خۆیان هەڵببڕنن و بڕژێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی توند نیشان بدەن.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی بەرەی ژنان بەمشێوەیەیە:

دوێنێ لە بەرواری ‌٢٠٢٣/١١/١٤ ڕووداوێکی دڵتەزێن لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلیمانی ڕووی دا برایەک هەستا بە کوشتنی دوو خوشکی خۆی و وەک دەوترێت دواتر خۆشی کوشتووە. وەک دەبینین لەم ساڵانەی دوایی ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژیی و دەستدێژیی کردنە سەر ژنان زۆر زیادی کردووە، بەداخەوە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە. بەشی زۆری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە خاوەنی کەلتوورێکی پیاو سالارییە، پیاو خۆی لە پێگەیەکی بەرزتر لە ژن دەبینێت، خۆی بە بڕیاردەر و خاوەن ماف دەبینێت لە بڕیاردان لە چارەنووس و ژیانی ژن دا، ئەمەش وایکردووە کە پیاوان توندوتیژیی و دەستدرێژیی بەرامبەر بە ژن ئەنجام بدەن بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی خۆیان لەسەر ژنان، بەداخەوە هێشتا کۆمەڵگەی ئێمە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستی هۆشیارییەی کە ژنان خۆیان بریاردەربن لە هەڵبژاردنی چارەنووس و داهاتووی خۆیان و بتوانن بە ویست و حەزی خۆیان ژیان بونیاد بنێن، بە زۆر بە شوودانی ژنان و کچان و هاوسەرگیریی پێش وەختە ئەنجامەکانی زۆر خراپ بەسەر ژنان دا دەشکێتەوە و زۆر جار دەگاتە حاڵەتی کوشتن یان خۆکوشتن.

 

‎ئێمە لێرەدا دەپرسین دایکان و باوکان لە چی بارودۆخ و هەلومەرجێکدا منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن؟ پێویستە پێش ئەوەی کە منداڵ دروست بکەن لە خۆیان بپرسن لە چی ژینگەیەکدا منداڵەکەمان گەورە بکەین؟ چونکە ئەو منداڵانە کە لەناو خێزانەکانیاندا شاهێدی توندوتیژیی خێزانین یان لە تەمەنێکی منداڵیدا بوون بە قوربانی دەستی توندوتیژیی، بۆیە کاتێک ئەم منداڵانە گەورە دەبن دەچنە ناو کۆمەڵگەوە ئەو ڕووداوانە دووبارە دەکەنەوە کە ڕووبەڕووی خۆیان بووەتەوە.

 

‎یەکێکی تر لە هۆکارەکان گەورەکردنی منداڵە بە زهنییەتێکی جنسییەتپارێزیی، کوڕان لە تەمەنی منداڵیدا هەر مامەڵەیەکی ناشرین و ڕەفتارێک کە ئەنجامی دەدەن بەرامبەر بە ژن وەک مافی خۆی دەبینێت و چونکە هیچ کەس پێ ناڵێت هەڵەیت و هەڵەکەی بۆ ڕاست ناکاتەوە. وا پەروەردە دەکرێت کە هیچ کاتێک ئەو وەکو پیاو نابێت یەکسان بێت لەگەڵ ژن و مافەکانی ئەو لە سەرووی مافەکانی ژنەوەیە. هەمیشە ئەبێت ئەو باڵادەست بێت و گەورەتر بێت. لەبەر ئەوەیە هەموو ئەو توندوتیژیی و سووکایەتییانەی پیاو بەرامبەر ژن ئەنجامی دەدات و زۆر جار دەگاتە حاڵەتی کوشتن پیاو بە مافی خۆی دەزانێت.

 

‎بەداخەوە لەم ساڵانەی دوایدا چەندین ڕووداوی کوشتن و خۆ کوشتن بە چەک ئەنجام دراوە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار کە حکومەتە لەکاتی پێدانی مۆڵەتی چەک بە هاوڵاتییان زۆر بە باشی دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتییان هەڵسەنگێنی و دواتر مۆڵەتی چەکیان بداتێ، لالەیەکی تریشەوە  بوونی چەکی بێ مۆڵەت لەناو خێزانەکاندا زیانی زۆر بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆکاری سەرەکین بۆ ڕووداو و کارەساتی هاوشێوە.

 

‎ئێمە لە ٢٥ـی نۆڤەمبەر نزیک دەبینەوە کە مانگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە بەرامبەر ژن، ئەگەر ئەوەندە کوشتن و توندوتیژیی ژن ئەبینین و ڕووبەڕووی ئەبینەوە، هۆکاری ئەوەیە ژنان بەرامبەر ڕووداوەکان بێ دەنگ ئەبن و بێ هەڵوێستن و لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لەسەر ژنان تێکۆشانێک هاوبەش و یەکگرتوو ئەنجام نادەن. لە بەرامبەر ئەو کارەساتەی کە دوێنێ بەسەر ئەو دوو کچە گەنجەدا هات پێویست بوو ئەمڕۆ هەموو ژنان دەنگی خۆیان هەڵببڕنن و بڕژێنە سەر شەقام و نارەزایەتی توند نیشان بدەن و هەموو بە یەکەوە دەنگی خۆیان بڵند بکەن و بڵێن ئیتر کوشتنی ژنان بەسە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ، لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی برایەک هێرشی کردە سەر دوو خوشکەکەی کە لە ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٠٥ لەدایکبوون و دەستبەجێ هەردووکیان گیانیان لەدەستدا، دواتریش کوڕەکە خۆی کوشت.