ڕێبەری گەلی کورد: بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەموو هەوڵێک دەدەم

دوێنێ لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا کورتەی کۆنووسەکانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا کران و ڕێبەر ڕایگەیاندووە کە ئەو لەسەر قسەکانی خۆیەتی و بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە لە هەوڵداندایە و لە چوارچێوەی دەرفەتەکاندا هەوڵی خۆی دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی، ١٩یەمین کۆبوونەوەی خۆی بە ڕۆژەڤی دیداری شاندی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ٢٤ـی تشرینی دووەمدا لە دورگەی ئیمڕاڵی ئەنجامدرا ساز کرد.

 

پەرلەمانتاری جەهەپە مورات باکان لە کۆبوونەوەکەی کۆمیسیۆن ڕایگەیاند کە پرسی کورد تەنها ئەمنی نییە. بەڵکوو  مێژوویی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی، جیۆپۆلیتیکی و فرەلایەنە و وتی: دەبێت پرسی کورد بە چارەسەرێکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت. ئەم پرسە لە دیموکراسیی تورکیا جیا نییە.

 

باکان هەروەها وتی: دەبێت هەموو کۆنووسەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن. کێ ئەو کۆنووسانەی نووسیبێتەوە، بە بڕوای ئێمە دەبوایە پەرلەمان بیکردایە، ئەگەر میت تۆماری کردبێت، دەبێت بە تەواوی بە ئێمە و ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت.

 

نوعمان کورتولموش سەبارەت بە کۆنوسی دیدارەکەی ئیمراڵی ڕایگەیاند کە تەواوی کۆنووسەکە بڵاوناکەنەوە، لەبری ئەوە کورتەی کۆنووسی کۆبوونەوەکە دەخەنەڕوو.

 

جێگری سکرتێری گشتی پەڕلەمان ئەحمەد بۆزکورت کورتەی کۆنووسی کۆبوونەوەی ڕێبەر ئاپۆ و کۆمیسیۆنی خوێندەوە کە بەم شێوەیەیە: ئەندامانی کۆمیسیۆن بە بڕیاری کۆمیسیۆن چونە دورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دیداریان ئەنجام دا. لە دیدارەکەدا عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر پەیوەندیی کورد و تورک و ئەو هەنگاوە بوێرانەیەی لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە نراوە قسەی کردووە و سوپاسی سەرۆک کۆمار تەیب ئەردۆغانی کردووە.

 

سەرنجی خستەر خوشک-برایەتی

بۆزکورت وتی: عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند کە ئەو لەسەر ئەو بەڵێنانەیە کە لە سەرەتای پرۆسەکەدا داویەتی و کاتێک مەرج و زەمینە بڕەخسێت، دەرفەتی تیۆری و پراکتیکی بۆ جێبەجێکردنیان گونجاوە. عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر پەیوەندییەکانی خوشک-برایەتیی تورک و کورد و بنەما مێژووییەکەی وەستاوە. عەبدوڵا ئۆجالان وتویەتی ئەو دەستی لە ڕێبازی چەک هەڵگرتووە و ڕێبازی سیاسی هەڵدەبژێرێت. هەروەها عەبدوڵا ئۆجالان وتویەتی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ـی شوباتدا دەبێت هەموو بەشەکانی تەڤگەر دەستبەرداری چەک بن و ئەم بڕیارەش لەلایەن گەلەوە بە ئەرێنی پێشوازی لێ کراوە. عەبدوڵا ئۆجالان باسی لەوە کردووە کە کاریگەریی ئەو لە سووریا و عێراقیش هەیە.

 

نابێت گەنجان بەمجۆرە بمرن

کاتێک فەتی یڵدز بەبیرهێنایەوە کە کاتێک حوکم درابوو، ئەو نوێنەرایەتیی بنەماڵەی شەهیدانی دەکرد، لەسەر ئەمە عەبدوڵا ئۆجالان وتی ئەو لەسەر قسەکانی خۆیەتی کاتێک دەستی دەوڵەت باخچەلی لە هەوادا نەهێشتەوە. کاتێک حوسێن یایمان ڕایگەیاند کە ئەوان بە هەستیاریی بنەماڵەی شەهیدانەوە هاتوونەتە ئێرە، عەبدوڵا ئۆجالان وتی مەرگی هەر سەربازێک بۆ ئەو تراژیدیایەکە و دەبێت ئەم گەنجانە بەم شێوەیە نەمرن. دەبێت بە دڵنیاییەوە لە تورکیا و ناوچەکە چارەسەرێک بدۆزینەوە و خەمگینیی خۆی بۆ چالاکییەکەی توشاس دەربڕی.

 

هەروەها کاتێک پێی وترا بەکارهێنانی زمانی پێش لۆزان و دەستووری ١٩٢٤ پرۆسەکە ژەهراوی دەکات. هەروەها پێی وتراوە کە دواجار کاتێک ئەندامانی پەکەکە لە زاپ کشاونەتەوە چەکیان بەدەستەوە بووە و ئەمەش لە ڕای گشتیدا ناڕەزایەتی دروست کردووە و بەگوێرەی بانگەوازەکە نەجوڵاونەتەوە. هەروەها پێی وتراوە کە دەبێت قەسەدە بەگوێرەی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بجوڵێتەوە و دەبێت ئەوانیش بۆ سووریا بانگەوازێکی نوێ بکەن. دەستبەرداربوونی چەک پەیوەندی بە هەموو بەشەکانی پەکەکەوە هەیە و هەروەها وتراوە چاودێری هەیە کە پەکەکە هێزەکانی خۆی کە لە عێراق دەکشێنێتەوە، ڕەوانەی ڕۆژاوای دەکات. پێی وتراوە کە ئەمە دژی بانگەوازەکەی ئەوە. لەسەر ئەمە عەبدوڵا ئۆجالان وتوویەتی پەکەکە نەک تەنها ئەو چەکانەی کە بەدەستیەوەیەتی، بەڵکو دەبێت لە زهنییەتی خۆیشیدا چەک دابنێت.

 

گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسیی ڕوویدا

لەسەر ئەمە، عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند کە ئەو بە ڕێزەوە لە بنەماڵەی شەهیدان دەڕوانێت و دەزانێت ئازارەکەیان چەندە گەورەیە. ئەو لێدوانەی خۆی بە دەقی "من ئامادەم خزمەتی دەوڵەت بکەم" کە لەلایەن دەولەت باخچەلییەوە لە وتارەکەیدا وەبیرهێنرابووەوە، دووبارە کردەوە و لە بەرامبەر وشەی "فەرموو"دا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لەسەر قسەکانی خۆیەتی و ئەگەر مەرج و دۆخەکە ڕێگە بدات و دەرفەتەکانی پەیوەندی زیاد ببن، دەرفەتی تیۆری و پراکتیکیی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەمە.

 

سەبارەت بە لێدوانەکەی ٢٧ی شوبات، وتی کە ساڵی ڕابردووی ناو پرۆسەکە بە سەرکەوتوو دەبینێت، لەم ماوەیەدا هیچ شەهیدێک نەدراوە و پێکدادان ڕووی نەداوە؛ بەم شێوەیە وەرچەرخانێکی سیاسیی گەورە هاتووەتە ئاراوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانیی ڕای گشتی زیادی کردووە و پێی وایە لە پرۆسەی داهاتوودا هەندێک پرسیار کە لە زهنی ڕای گشتیدا هەن، چارەسەر دەکرێن.

 

لەسەر قسەی وەک شاندێک کە ڕاستیی مێژوو دەزانێت ئەگەر تورکیایەکی بێ تیرۆر بێتە دی، چاوەڕوانی هەنگاوی پراکتیکی و کۆنکرێتین، عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند کە ئەو بەدوای هەنگاوی ئەرێنییەوەیە.

 

لەسەر ئەو قسەیەی کە "لە بابەتی هەنگاوی کۆنکرێتیدا دژایەتییەک هەیە، چونکە تەڤگەر ناوەندی خۆی لە قەندیلەوە بۆ گۆڕەپانی سووریا گواستووەتەوە و ئەمە کێشەکە چارەسەر ناکات، دەبێت ئەو خۆی (عەبدوڵا ئۆجالان) وەک سەرۆکی ڕێکخراوەکە، بۆ هەر گۆڕەپانێک فەرمانی دڵنیایی بدات و کاتێک ئەم هەنگاوانە جێبەجێ کران دۆخێکی نوێ دێتە ئاراوە".

 

 عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند، ئێوە ئەم پرسیارەتان دووبارە کردەوە، ئەو لەسەر قسەکانی خۆیەتی و بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە لە هەوڵداندایە و لە چوارچێوەی دەرفەتەکاندا هەوڵەکانی خۆی دەدات.

 

لەسەر قسەکانی ئەوەی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات دەوڵەتێکی جیاواز، فیدراسیۆن و خۆبەڕێوەبەریی ئیداری نییە و چارەسەریی کەلتوورییە، عەبدوڵا ئۆجالان بە قسەی "بەڵێ، وایە" پشتڕاستی کردەوە.\

 

دەبێت دیموکراسی هەرێمیی بەهێز بکرێت

حوسێن یایمانیش لە عەبدوڵڵا ئۆجالانی پرسی؛ قەسەدە لە ١٠ـی ئازاردا پەیماننامەیەکی واژۆ کرد. پەیماننامەکە لە هەشت خاڵ پێکهاتووە و ئەوان ئەمە بە بنەما دەگرن و لەسەرووی هەموویانەوە سووریا و بۆ تەواوی ناوچەکە دەبێت لە دژی هەڵمەتەکانی ئیسرائیل وریا بن و بۆ سووریا ئەوان سیستمێکی ناوەندی و دیموکراسیی هەرێمییان دەوێت. هەروەها پرسیویەتی؛ ئایا هێزی پاراستنی هەرێمی دەبێت یان نا، وەڵامی داوەتەوە و وتوویەتی "نەخێر هێزی پاراستن نییە، تەنها ئاسایش دەبێت". هەروەها عەبدوڵا ئۆجالان وتوویەتی لەم جوگرافیایەدا بەبێ  کورد تورک نابێت، بەبێ تورک کورد نابێت و باسی لە بنەمای مێژوویی کردووە و نموونەی بە سوڵتان سانجار هێناوەتەوە.

 

کاریگەری میکانیزمی کودەتا هەیە

عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بیری "سۆسیالیزمی ڕاستەقینەی"ـی لە ١٩٩٥دا بەجێهێشتووە و گۆڕینی زهنییەت زەحمەت بووە و ویستوویەتی پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٣دا کۆتایی بەکار و خەبات بێنێت. عەبدوڵا ئۆجالان وتوویەتی هەمیشە دەستێک هەوڵەکانی ئەوی شکست پێهێناوە و ئەوەشی وەک میکانیزمی کودەتا پێناسە کردووە. هەروەها عەبدوڵا ئۆجالان وتوویەتی لە ساڵی ١٩٩٣دا لەگەڵ تورگوت ئۆزال، نەجمەدین ئەربەکان و سولەیمان دەمیرەل بە شێوەیەک لە گفتوگۆدا بووە و هۆکاری ئەنجام نەگرتنی ئەمەش کاریگەریی میکانیزمی کودەتا بووە.

 

لە عەبدوڵا ئۆجالان پرسیاری ئەوە کراوە "فەرهاد عەبدی شاهین (مەزلوم کۆبانێ) گوێی لێ دەگرێت یان نا؟" عەبدوڵا ئۆجالانیش وتوویەتی ئەویش یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی و پابەندە پێیەوە. عەبدوڵا ئۆجالان وتوویەتی دەبێت ئەو هیچ کات دژی تورکیا بانگەشەیەک نەکات کە نەتوانێت جێبەجێی بکات و ئەمە پرۆسەکە تێک دەدات. گوڵستان کلچ کۆچیگیتیش پرسیاری ئەوەی کردووە ئایا بۆ تەڤگەری ژنان هیچ دەڵێت یان نا؟ لەسەر ئەم پرسیارە عەبدوڵا ئۆجالان وتوویەتی سڵاوی من بگەیەنن.

 

دوای خوێندنەوەی کورتەی تۆمارەکانی دیدارەکە، فەتی یڵدز هەستایە سەرپێ و وتی: لەسەر ئەمە ئەگەر شتێک نەوترێت باشترە، دوای فەتی یڵدز، نوعمان کورتولموش وتی تۆ ڕاست دەکەیت و کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هێنا.