بەرپرسی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: ١٣ ڕۆژنامەنووسی سودانی کوژراون
لە ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە بێ سزایی بە تاوانەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان، ئیمان فەزل سەید، ڕایگەیاند ١٣ ڕۆژنامەنووسی سودانی کوژراون ٥٠٠ پێشێلکاری ئەنجامدراوە.
سەلما ڕەشید
سودان- لە ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە بێ سزایی بۆ تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان کە بە دروشمی "داکۆکیکردن لە قوربانییەکان و دادگاییکردنی تاوانباران" هاتە ئاراوە، ئیمان فەزل سەید، سکرتاریەتی ئازادییە ڕۆژنامەوانییەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سودان، ئاشکرای کرد، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە سودان لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە، تا ئێستا ١٣ ڕۆژنامەنووس کوژراون، ٥٠٠ حاڵەتی پێشێلکاری لە دژی ڕۆژنامەنووسانی سودان تۆمارکراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٢٤دا هەزار و ٧٠٠ ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون و ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە بێ سزایی بۆ تاوانەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ ئەوەدا دێت کە لە هەر ١٠ حاڵەتێکدا ٩یان بەبێ چارەسەری دادوەری دەمێننەوە، و زیادبوونی حاڵەتەکانی بێ سزایی دەبێتە هۆی بۆ زیادبوونی ڕێژەی کوشتنەکان کە ئاراستەی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، ئەمە ئاماژەیە بۆ توندبوونەوەی ململانێکان و داڕمانی سیستمی یاسادانان و دادوەری.
ئەوەشیخستەڕوو، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەست و هەشتەمین دانیشتنیدا لە ساڵی ٢٠١٣دا، ڕۆژی ٢ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە بێ سزایی بۆ ئەو تاوانانەی کە دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت، پەسەندکرد و ئەمەش بە شتێکی زۆر گرنگ دادەنرێت بۆ داننان بە تاوانەکان، بە تایبەت ئەو تاوانانەی کە دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن، بڕیارنامەکە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی کولتووری بێ سزای کە لە ئێستادا زاڵە.
ئیمان فەزل سەید ئاماژەی بەوەدا، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سودان غەمباری خۆی دەربڕی لە بڵاوبوونەوەی نیگەرانکەری کولتوری بێ سزای لە سودان، بەتایبەتی سەبارەت بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان، کە هەموو ڕۆژێک بەبێ ڕێکاری دادوەری یان لێپرسینەوە تێدەپەڕێت.
ئاشکراشیکرد، هەر تاوانێک کە دژی ڕۆژنامەنووسانی سودان ئەنجام دەدرێت بە ڕۆژو بارودۆخەکەیەوە بەڵگە دەکرێت و بێدەنگ نابن.