شەڕڤانی یەپەژە: بەرخۆدان بەرامبەر داگیرکاری بنەمای پاراستن و بەرگرییە
ئیلام مەنبج، شەڕڤانی یەپەژە دووپاتی کردەوە کە لە چوارچێوەی بەرخۆدان و بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ، ڕووبەڕووی داگیرکاری دەبنەوە، جەختیشی لە سەر پێویستی بەرزکردنەوەی خێرایی خەبات لە ژێر ڕۆشنایی هێرشەکانی سەر ناوچەکە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی سەر ناوچەکە کردەوە.
سیلڤا ئیبراهیم
مەنبج-دەولەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر مەنبج لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن لە ژێر ڕۆشنایی خێراتربوونی ڕووداوەکانی شاری حەلەب و کشانەوەی حکومەتی شام لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی تورکیاو چەتەکانی بەناو "تەحریر ئەلشام"، کە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شاری حەلەبدا فراوانتر کرد و گەیشتە شاری حەما و جەرگەی حومس، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی زۆر کە شایەتحاڵی ئەو خەڵکە ئاوارانەیە کە بەرەو هەرێمی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆیشتوون.
سەبارەت بەم ڕووداوانە و هەڵوێستی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لەسەر ئەم هەڕەشانە، ئیلام مەنبج، شەڕڤان لە ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە منبج لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دووپاتیکردەوە ئەوەی ڕوودەدات لە سیاسی و گۆڕەپانی سەربازی لەڕووی کوشتن و ئاوارەبوونەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕێککەوتن کراوە و حکومەتی شام بەشێکە لەم ڕێککەوتنە، لە ژێر ڕۆشنایی ڕووداوەکانی ئێستا کە تێیدا دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات زیاتر خاکی سووریا داگیربکات، جەختی لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی خێرایی خەبات کردەوە.
"تورکیا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدات"
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەیە، مافی ئێمەش بەرخۆدانی ڕەوایە، ئەو ڕاستییە شەڕەی کە هەرێم شاهیدییەتی، بۆ ئێمە نامۆ نییە، واتە ساڵانێکە بەرخۆدان دەکەین و لە هێڵی پێشەوە لە بەرامبەر داگیرکاریدا بەردەوامین، تورکیا سیاسەتی ئیستغلالکردنی گەل پەیڕەو دەکات و ئەوەی تل ڕەفعەت و شەهبا شاهیدییان کردووە، ئەوە ڕوون دەکاتەوە و ئەوەی لەو ناوچانە ڕوودەدات لەلایەن داگیرکەرەوە پلانی بۆ داندراوە، کە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدات.
تیشکی خستەسەر بەدیلگرتنی ژنە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەلایەن چەتەکانی داگیرکەری تورکیاوەو وتی: ئەو ژنە شەڕڤانانە لە دەوروبەری شەهبا و تەل ڕەفعەت بە دیل گیرابوون، گەلیان لە هێرشەکانی داگیرکەرو چەتەکان لە چوارچێوەی بەرگری شەرعیدا دەپاراست و برخۆدانیان دەکرد.
پەیجەکانی چەتەکان ڤیدیۆ و دیمەنی گیران و سووکایەتیکردن بە ژنە شەڕڤانە کوردەکانیان بڵاودەکردەوە ئیلام مەنبج لەوبارەیەوە وتی: ئەم کارانە تاوانی جەنگە دژ بە ژنانی پارێزەری گەل، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لەو تاوانانەی کە لە پێوەرەکانی مرۆڤایەتی تێدەپەڕێنن کە لەلایەن چەتەکانەوە لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پشت ئەم تاوانانەوە وەستاوە، بەڵگەی ئەمەش پابەندبوونیەتی بە بێدەنگی سەبارەت بە هەموو ئەو پێشێلکاریانەی چەتەکان ئەنجامی دەدەن، هەمان شێوازەکانی داعش پراکتیزە دەکەن و لە لیستەکانی تیرۆردا پۆلێنکراون.
"پێویستە هەموو پێکهاتەکان بەشداربن لەم بەرخۆدانەدا"
ئیلام مەنبج ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی شام لە دژی چەتەکانی تەحریر شام "هەتەشە" گرت و وتی: ئیدارەی شام و ڕووسیا کە حەلەبیان بەجێهێشت بۆ چەتەکان، ئەوە نیشان دەدات کە بەشێکە لە پلانە نێودەوڵەتییەکان لە سووریا، ئێمە وەک یەپەژە لە بەرزترین ئاستدا بەرخۆدانمان بەرامبەر داگیرکاری ئەنجام دەدەین، بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانە خەبات دەکەین، ئەو شتەی کە خۆڕاگریمان لەم بەرخۆدانەدا زیاد دەکات، باوەڕی گەلەکەمانە. لە لایەکی ترەوە داوا لە هەموو گەل دەکەم دەنگی خۆیان لە دژی داگیرکاری بەرز بکەنەوە. پێویستە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەم بەرخۆدانەدا بەشدار بن، ئەم شۆڕشەمان لەگەڵ گەنجان دەستپێکرد و لەگەڵ گەنجان سەردەکەوین.