لە بۆردوومانێکی ئاسمانی بۆ سەر سنووری ئەفغانستان ١٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژران
لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکە کە ٤٨ کاتژمێری خایاند، گرژییە سنوورییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان پەرەی سەند، سوپای پاکستان بە هێرشێکی ئاسمانی پارێزگای پاکتیکای ئەفغانستانی کردە ئامانج و ١٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە حەوتیان ژن و منداڵ بوون.

ناوەندی هەواڵ
پەیوەندییە گرژەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان شاهیدی ئاگربەستێکی کاتی بوون، کە ئاگربەستێکی ٤٨ کاتژمێرییە، لە هەوڵێکدا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دووبارەبوونەوەی توندبوونەوەی سەربازی بەدرێژایی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سوپای پاکستان دوای کۆتای هاتنی ئاگربەستەکە کە ماوەی ٤٨ کاتژمێری خایاند، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شارۆچکەکانی بەرماڵ و ئەرغون لە پارێزگای پاکتیکای سنووری ئەفغانستان دەستپێکرد و بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی تاڵیبان، ١٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە، کە هێرشە ئاسمانییەکان بەهۆی تۆپبارانەوە چەندین ماڵیان وێران کردووە، هەروەها ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری لە ناوچە ئامانجدارەکان بەردەوامە، تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن سوپای پاکستانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی پاکستان و تاڵیبان بەدرێژای سنوورە هاوبەشەکان پەرەدەستێنێت، بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، هێرشی هاوشێوەی هەفتەی ڕابردوو لە پارێزگاکانی پاکتیکا و کابول، پێنج کەس کوژران و ٣٥ کەسی دیکەش برینداربوون.