بەردەقارەمان، ئاهەنگی پیرۆزبایی ٨ی ئادار دەستیپێکرد

ئاهەنگی پیرۆزبایی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ژنانی گەنجی تێکۆشەر دەستیپێکرد، تێیدا جەخت لە یەکڕیزی ژنان دژی داگیرکاری و توندوتیژی کرایەوە و بەڵێنی بەرزکردنی تێکۆشان درا.

سلێمانی

 

ئاهەنگی پیرۆزبایی ٨ی ئادار، ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بە دروشمی "بە ڕۆحی ٨ی ئادار، داگیرکاری و نۆکەری تێکدەشکێنین، ئازادی ژن مسۆگەر دەکەین" دەستیپێکرد.

 

لە ئاهەنگەکەدا هەریەک لە گروپی هونەری ژنما لە باکوری کوردستان، گروپی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هونەرمەندان ژینا سەقزی و عادل هەورامی لە بەردەقارەمان بەشداربوون، ژنان بە جلوبەرگی کوردی و ئاواڵا بە جۆش و خرۆشەوە لە ئاهەنگەکەدا بەشدارن.

 

سەرەتای ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی٢ پاکڕەوان دەستیپێکرد، بەیاننامەی هاوبەشی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لەلایەن شاتوو محەمەد، ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەر خوێندرایەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە ژنانی زەحمەتکێش لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو شوێنێکی جیهان کرا "سڵاو بۆ هەموو ئەو ژنانە دەنێرین وا بەرەنگاریی دید و تێڕوانینی پیاوسالارانە و سیستمە داگیرکەرەکەکان دەبنەوە. بە هەڵمەتی ڕۆژی هەشتی مارس داگیرکاریی و نۆکەریی تێک دەشکێنین و ئازادیی ژن مسۆگەر دەکەین، مەڕاسیمی ئەمساڵ بۆ ڕێزلێنانی ژنانی خۆڕاگری زیندانەکان و مەریەم ڕووکابیی ڕێک دەخەین . تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادیی ژنان لە ساراکانەوە تا ڤیانەکان، لە لەیلاکانەوە تا شیرینەکان، لە سەر بنەمای ڕەنج و بیر و ڕامان و بەرخۆدان و یادی ژنان، گەشە دەکات و بۆ ئاستی شۆڕشی ژنان هەڵدەکشێت".

ڕژاک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەدا: "پێویستە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدیبهێنین، واتە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی تێکبشکێنین. پێش ٨ی ئازار لە ١٥ی شوباتدا بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ئێمە رژابووینە گۆڕەپانەکان. لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بۆ ئەوەی دیوارەکانی ئیمراڵی بشکێنین، سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە نەهێڵین و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی بهێنین، ئێمە گەشە و پەرە بە هەڵمەتەکەمان دەدەین".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بە وتەیەکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا کە دەڵێت "سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ئازادیی ژنان"، هەروەها هاتووە: "ئەمڕۆ بە تێکۆشانی ژنانی ڕێکخستەکراو لە سەرتاسەری جیهاندا ئەوە بنیاد دەنرێت و بەدی دێت، گەل و هێزە دیموکراسیخوازەکان لە هەموو کاتێک زیاتر خاوەنداریی لێ دەکەن. چونکە ئەمڕۆ دەبینرێت کە تێکۆشانی ئازادیی ژنان پێشەنگایەتیی بۆ تێکۆشانی دیموکراسیی و ئیکۆلۆژیی و ئازادیی دەکات. خەبات و تێکۆشانی ئەمڕۆی ژنان گەیشتووەتە ئەو ئاستە، کە نوێنەرایەتیی هەموو تێکۆشانێکی دژی سیستم دەکات، بۆیە پێویستە تێکۆشانی ئازادیی ژن ببێتە هێزی ستراتیژیی و سەرەکیی سەرپاکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بگاتە ئاستی ڕێکخستەکردنی. دەیانەوێت دەستکەوتەکانی ژنان لەناو ببەن. ئێمە بۆ ئەوەی ئاستی خۆڕێکخستن بەهێز بکەین و دژی هێرشە فاشیست و پیاوسالارانەکان پەرە بە تێکۆشانی ئازادیی ژنان بدەن، هەڵمەتی "لە دژی پاکتاوی ژنان کات کاتی پاراستنی ژنانی ئازاد و کۆمەڵگایە" دەست پێ کردووە و و سەری دەخەین. ئێمە بە ٨ـی ئازار هەڵمەتەکەمان دەگەیەنینە بەرزترین ئاست".

 

لە درێژەی ئاهەنگەکەدا بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ئەنجومەنی عەشتاری کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور خوێندرایەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکرا کە لە داگیرکاری و هێرشەکاندا ژنان دەبنە قوربانی بۆ ئەوەش پێویستە ژنان ڕیزەکانیان یەکبخەنەوە و تێبکۆشن دژ بە داگیرکاری و گۆشەگیری.

ئاهەنگەکە بەردەوامە و هونەرمەندان بە پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان ئاهەنگەکەیان ڕازاوەتر کردووە، ئاهەنگی ٨ی ئادار ئەمڕۆ لە بەردەقارەمان بە بەشداری ژنان و هاوڵاتیان لە چوار پارچەی کوردستانەوە بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوامە.