بێپەناگە و بێ دادپەروەری... دەستبەرداربوون لە سزادان هەڕەشە لە ژیانى ژنان لە تورکیا دەکات

لە سایەی زیادبوونی کوشتنی ژنان و مردنی گوماناوییەوە، ژمارەیەکنلە ژنانی چالاکوان لە وان لە باکووری کوردستان هۆشداری دەدەن لەوەی کە سزادانەکان و پشتگوێخستنی دامەزراوەیی هەڕەشە لە ژیانی ژنان دەکەن و هاندەرن بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی

مەمیهان هەلبین زیدان

 

وان ـ ژنان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە کاتی بەردەوامیدان بە ژیانی ڕۆژانەیان لە مەترسی کوشتندا دەژین، لەگەڵ زیادبوونی ژنانی نوێ بۆ ڕیزبەندی زیانبەرکەوتووان لە هەموو ڕۆژێکدا، مردنی هەندێک لە ژنان وەک "گوماناوی" تۆمار دەکرێت، تاوانبارانیش دەتوانن سوودمەند بن لە سیاسەتەکانی بێبەشکردن لە سزای سیستەمی دادوەری و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە.

 

دوای کشانەوەی تورکیا لە هاوپەیمانی ئیستەنبوڵ، یاسای ژمارە ٦٢٨٤ بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ ناکرێت، ئەو تاوانبارانەی کە بوێری لە دادگا و ئەقلیەتی دەسەڵاتی پیاوسالارانە وەردەگرن، بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە مافی ژنێکی تریش بۆ ژیان لە ههموو ڕۆژێکدا.

 

بەپێی ئامارەکانی پلاتفۆرمی "ڕاگرتنی کوشتنی ژنان" (KCDP)، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ دا (١٥٠) ژن کوژراون، لە کاتێکدا (١٥١) ژن لە بارودۆخی گوماناویدا گیانیان لە دەستداوە، هەروەها بەپێی ئامارەکانی توندوتیژی کە لەلایەن ئاژانسی ژننیووز (JINNEWS) بڵاو کراونەتەوە، تەنها لە مانگی تەمووزدا (٢٥) ژن و منداڵێک لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، لە کاتێکدا (٢٧) ژن و دوو منداڵ لە بارودۆخی گوماناویدا گیانیان لە دەستداوە.

 

لە ناو زیانبەرکەوتوواندا ئەو ژنانە هەن کە لە بارودۆخی توندوتیژی و گوماناویدا گیانیان لە دەستداوە، لەوانەش ژنێک کە لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆیدا سوتێنراوە، هەروەها ژنانی تریش ڕووبەڕووی چەند شێوازێکی جیاوازی توندوتیژی دەبنەوە، کە ڕەنگە لێکەوتەکانیان بگاتە ئاستی خۆکوشتن یان مردن لە بارودۆخی نادیاردا، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە لە دەستدرێژی و توندوتیژی جەستەیی.

 

ئازاری ژنان تەنها بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی کۆتایی نایەت، بەڵکو ئەو ژنانەی کە سکاڵاش تۆمار دەکەن، ڕووبەڕووی کۆسپ و تەوژمی تر دەبنەوە لە بەردەم دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پاراستندا، ژنانی چالاکوانی ژنان پێیان وایە کە ئەم میکانیزمانە هەمیشە پاراستنی پێویست بۆ ژنان دابین ناکەن، ئەوەش ئەوان لە لایەکەوە لەگەڵ توندوتیژی و لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ سیستەمێک دەهێڵێتەوە کە بێبەشکردنی لە سزادان قووڵتر دەکاتەوە.

 

"ژنان لە کۆمەڵگە دەبڕدرێنەوە"

پینار کۆتفێ، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ستار، ڕایگەیاند، کە ئەوان هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی هەواڵی نوێ دەبنەوە دەربارەی کوشتنی ژنان وتی: ئێمە هەموو ڕۆژێک دژی سیاسەتەکانی بەرگریکردن لە تاوان و بێتاوانکردنی تاوانباران هەڵدەستین، هەوڵ دەدەین دەنگی خۆمان لە ڕێگەی هاوارەکانمانەوە لە مەیدانەکاندا بگەیەنین لە پێناو ئەو ژنانەی کە کوژران.

 

ڕوونیکردەوە، کە دەبێت کۆتایی بە سیاسەتەکانی بێبەشکردن لە سزادان بهێنرێت و تاوانباران نەپارێزرێن، بەڵکو ژنان بپارێزرێن و هۆشیار بکرێنەوە، وتی: وەک کۆمەڵەکانی ژنان، ئێمە هەموو ڕۆژێک لە شەقامەکاندا دەبین، هەموو ڕۆژێک دەنگی خۆمان بەرزتر دەکەینەوە، چونکە ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ ترساندنی ژنان ڕوو دەدەن، پەردەپۆش دەکرێن، تەنانەت کاتێک سزاش دەسەپێنرێت، ئەوا سزاكە ڕێگر نییە، ژنان پاراستنی پێویست وەرناگرن و بە تەنها جێدەهێڵدرێن، لە کاتێکدا تاوانبار شکۆمەند دەکرێت، لەم چوارچێوەیەشدا پێویستە دەستوور نوێ بکرێتەوە، بگەڕێینەوە بۆ هاوپەیمانی ئیستەنبوڵ، سزای توند بەسەر تاوانباراندا بسەپێنرێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە ژنان بێدەنگ نەبن و یەکبگرن، وتی: پێویستە لە دەوری کۆمەڵەی ژنان کۆبینەوە، هەموو هەفتەیەک لە ناوچەی جیاوازدا بە دروشمی ”کاتی ژن” ڕێپێوان ساز دەکەین، بۆیە دەبێت بێدەنگ نەبین، لە ئەوەی ڕوو دەدات و بیشارینەوە، نەترسین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە تاوەکو ئێمە بێدەنگ بێین، ئەوا هیچ چارەسەر یان دەرچەیەک نابینینەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدات ئەوەیە کە ژنان ملکەچ دەکرێن و بە زۆر بێدەنگ دەکرێن لە ڕێگەی ترساندنەوە،، هەندێک جار ئەو توندوتیژییەی کە ژنەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە تەنها بەڕێکەوت دوای چەند مانگ یان ساڵێک دەردەکەوێت، لەو کاتەدا ئێمە ژنانمان لە دەستداوە، بۆیە دەبێت ژنان دەستبەرداری تێکۆشانی خۆیان نەبن.

 

"پێویستە هەموو ژنان یەکبگرن و دەنگیان بەرز بکەنەوە"

رێحان کاپلان ڕایگەیاند، کە ئاسایی کردنەوەی دۆخی کوشتنی ژنان شتێکی قبوڵنەکراوە وتی: کاتێک کەسێک دەڵێت ”من کوردم”، سزای زیندانی هەتایی بەسەردا دەسەپێنرێت، لە کاتێکدا هیچ سزایەک بەسەر ئەوانەدا نەسەپێنراوە کە ژنان دەکوژن و لە ژیان بێبەشیان دەکەن.

 

وتیشی: ژنێک دەکوژرێت چونکە ویستوویەتی بخوێنێت، چونکە دەستبەرداری ئازادی خۆی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوانبار هیچ سزایەک وەرناگرێت، ئەو ژنانەی کوژراون بە دەستی دەوڵەت دەکوژرێن، کچەکەم لە موش دەخوێنێت، هەموو ڕۆژێک هەستی نیگەرانی هەمە: چۆن چوو؟ و چۆن گەڕایەوە؟ بۆیە دەبێت سزایەک بسەپێنرێت کە وای لبکات کەسانی تر بترسن لە ئەنجامدانی شتی لەو شێوەیە، نەک ئەوەی بوێرییان پێ ببەخشێت، بە شێوەیەک کە کەس نەتوانێت تەنانەت بیر لە ئەنجامدانیشی بکاتەوە.

جەختی لەوە کردەوە، کە دادگا بەو شێوازەی کە هەیەتی تاوانباران دەگەڕێنێتەوە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەدا، وتی: بانگەوازی من بۆ هەموو ژنان ئەوەیە، با هەستین و دەنگی خۆمان دژی ئەم کۆمەڵکوژییانە بەرز بکەینەوە، ئەمە لە پێناو هەموو ژنانی جیهاندا دەڵێم، چونکە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە ئێستا دەترسین منداڵەکانمان فێر بکەین.

 

بێبەشکردن لە سزادان و پشتگوێخستنی دامەزراوەیی

هەروەها مریەما ئەسڵان، چالاکوان لە توڤگەری ژنانی ئازاد (TJA)، ڕوونیکردەوە، کە ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕوویانداوە نیشانی دەدەن کە مافی ژنان و منداڵان لە ژیان، پارێزراوی جەستەیان، گەیشتنیان بە دادپەروەری، بە شێوەیەکی مەترسیدار کەوتوونەتە مەترسییەوە، وتی: ئێمە لێرەدا تەنها باسی ئەو توندوتیژییە ناکەین کە لە شەقام یان لە ناو ماڵدا ڕوو دەدات، بەڵکو دەبێت باسی ئەوەش بکەین کە چۆن مافی منداڵێک دەپارێزرێت کە لە کاتی وەرگرتنی وتەکانیدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە، چۆن گەیشتن بە دادپەروەری قورستر دەبێت بەهۆی ئەوەی کە پەناگەرە، چۆن دەکرێت پارێزراوی ژنێک مسۆگەر بکرێت کە لە سەنتەرێکی دوورخستنەوەدا دەستبەسەر کراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەموو ئەم حاڵەتانە وایلێدەکەین کە پرسیار بکەین: ئایا ئەو دەزگایانەی بەرپرسن لە پاراستنی ژنان بەڕاستی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن؟ ئەو ژنەی کە لە ناو ئۆتۆمبیلێکدا لە سیڤیریک سووتێنرا، منداڵە سووریاییە تەمەن ١٥ ساڵانەکە کە دەوترێت لە کۆجالی ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە، چالاکوانی ئەڵمانی پاولا مایەر کە ڕایگەیاند، لە سەنتەرێکی دیپۆرتکردنەوەدا ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە، ئێمە ئەم دۆسیانە بە دۆسیەیەکی سەربخۆ لە یەکتر نابینین.

 

ڕوونیکردەوە، کە هەر یەکێکیان بارودۆخی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام راستییەکی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە کە توندوتیژیی ئەنجامدراو لەسەر جەستەی ژنان و منداڵان، بێبەشکردن لە سزادان و پشتگوێخستنی دامەزراوەیی کە لە بەرامبەر ئەم توندوتیژییەدا دەردەکەون، بەردەوامن.

 

لە کۆتای قسەکانیدا، مریەما ئەسڵان جەختی لەوەش کردەوە، کە داواکردنی دادپەروەری دوای کوشتنی ژنان ئیتر بەس نییە، وتی: ئێمە سیستەمێکمان دەوێت کە تێیدا ژنان نەکوژرێن، ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبنەوە، دەوڵەت جارێکی تر نەبێتە هۆی ئازاردانیان کاتێک کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئێمە داوای لێکۆڵینەوەیەکی کارا، میکانیزمێکی ڕاستەقینەی پاراستن، کۆتاییهێنان بە بێبەشکردن لە سزادان دەکەین.