بنەماڵەی گوڵستان تارا سەردانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیایان کرد

بنەماڵەی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە سلێمانی تیرۆر کرا، سەردانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیایان کرد و بەڵێنی درێژەدانیان بە ڕێبازی شەهید گوڵستان دا.

ناوەندی هەواڵ

 

بنەماڵەی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا، کە لە ٢٣ی ئاب لە شاری سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هاوکاری پەدەکە لەگەڵ هێرۆ بەهادین تیرۆر کران، سەردانی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا "MKG" یان کرد.

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیاو کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و دیسک باسین، پێشوازیان لە بنەماڵەی گولستان کرد، هەروەها چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد و ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" ئامادەی سەردانەکە بوون، بە هەڵواسینی نووسراوی، “ناتوانن ڕۆژنامەوانی ئازاد بێدەنگ بکەن” پێشوازییان لە بنەماڵەی شەهید گوڵستان کرد.

 

مستەفا مەسعوود تەکیک، برای گوڵیستان تارا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا لەلایەن گەلی کورد و دۆستەکانییانەوە خاوەندارییەکی زۆری لێکرا و وتی: بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین تا تێکۆشانی ئازادیی ڕۆژنامەنووسان بەردەوام ببێت، بە هەموو هێزمانەوە پاڵپشتییان دەکەین.

 

دواتر دیجلە تەکیک، خوشکی تارا، قسەی کرد و ڕایگەیاند کە پێنووسی گوڵستان ناکەوێتە زەویی و تێکۆشانی شکۆمەندانەی بەردەوام دەبێت.

 

"وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس، میراتەکانیان درێژە پێدەدەین"

هەروەها ڕۆزا مەتینا، بەرپرسی ئاژانسی میزوپۆتامیا لە سەردانەکەدا قسەی کرد و سەرنجی خستەسەر فشارەکانی دژی ڕۆژنامەوانی ئازاد و وتی: ئەم دامەزراوەی ئێمە بۆ پاراستنی میراتی ڕۆژنامەنووسانی ژن دامەزراوە، هەرگیز لێرە نە کامێرا و نە پێنووسی شەهیدانی ڕاگەیاندن لەسەر زەوی نامێنێتەوو و درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین، چونکە ئەمە تێکۆشانی گەلی کوردە نەک تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسان بێت، ساڵانێکە زمان، ڕێکخستن و تێکۆشانی گەلی کورد کەوتووەتە بەر هێرشی هەمەلایەنە، بۆیە پێکەوە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین.