بەنداوی قەرغێ؛ هاوینەهەوارییەک کە بەڕووی ژناندا داخرابوو!
بەنداوەکانی ئەفغانستان سەردەمانێک هێمای گەشەسەندن بوون، بەڵام شەڕ و سەرکوت بەنداوەکانیان لە وێرانە بچووک کردۆتەوە، بەنداوی قەرغە کە هاوینەهەواری قەرەباڵغە، ئەمڕۆ کەوتووەتە ناو بێدەنگییەکی سەپێنراوەوە و چوونە ژوورەوەی ژنانیش قەدەغە کراوە.

بەهاران لەهیب
کابول - ئەفغانستان وڵاتێکی شاخاوییە و لە زۆرێک لە پارێزگاکانیدا بەفرێکی زۆر دەبارێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش چەندین بەنداو لە سەرانسەری وڵاتدا دروستکراون بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان. بەڵام دوای لەشکرکێشی سۆڤیەت و شەڕە ناوخۆییەکان و حوکمڕانی تاڵیبان، ئەم بەنداوانە ڕووبەڕووی گورزی سەخت بوونەتەوە، لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەندێک ڕووباری گەورە، وەک کونار، بڕیار درا بەنداو دروست بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام کارمەندانی پڕۆژەکە بە هاوکاری حکومەتی پاکستان لەلایەن تاڵیبانەوە کوژران.
لە لایەکی دیکەوە، لە سەردەمی گەندەڵترین حکومەت لە ئەفغانستان بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، لەگەڵ خیانەتێکی زۆر لە خەڵک، سەرچاوە ئاوییە سروشتییەکان بە باشی بەکارنەهێنران. ئەمەش وایکرد زۆرێک لە پارێزگاکان لەوان فەرەح ڕووبەڕووی کەمی ئاوی توند ببنەوە، تا ئەو ڕادەیەی خەڵک ئاوی خواردنەوەیان نەبوو و بەروبومی کشتوکاڵییان بەهۆی وشکەساڵییەوە لەناوچوون.
لە نێو هەموو ئەو بەنداوانەدا تەنیا حەوت بەنداوی سروشتی لە ناوچەی باند ئەمیر بامیان هەیە کە بە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرە سروشتییەکانی ئەفغانستان ناسراوە. بەنداوەکانی تر لەلایەن حکومەت و کۆمپانیا تایبەتەکانەوە دروستکراون، لەوانە: (بەنداوی چاک وەرداک (١٩٣٧)، بەنداوی ئەرغانداب (دەهلێ) (١٩٥٢)، بەنداوی دێرۆنتا (١٩٦٤)، بەنداوی گێرێشک (١٩٤٥)، بەنداوی کاجاکی (١٩٥٣)، بەنداوی کەمال خان (١٩٧٤)، بەنداوی نەغلو (١٩٦٨)، بەنداوی سەلمە (١٩٧٦)، بەنداوی سەردە بەنداوی شا و ئاروس (٢٠١٤)، بەنداوی شەهتووت (٢٠١٢)، بەنداوی سوڵتان (٢٠١٣)، زۆربەی ئەو بەنداوانە پڕۆژەی گەشەپێدانی محەمەد داود خان، یەکەم سەرۆکی ئەفغانستان بوون لە ساڵی 1352. بەڵام دوای کودەتاکەی حکومەتی بوکەڵەی سۆڤیەت و تیرۆرکردنی، ئەم پڕۆژانە و زۆرێک لە بەرنامە ژێرخانیەکان ڕاگیران یان تا ئەمڕۆش تەواونەکراون.
هەروەها توانیمان سەردانی یەکێک لەو بەنداوانە بکەین ،بەنداوی قەرغە لە کابول کە بە یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی کات بەسەربردن لە شارەکەدا دادەنرێت. ئەم بەنداوە لە ساڵی ١٩٣٣ دامەزرا و وەک زۆرێک لە ناوچەکانی کابول لە کاتی شەڕەکانی ناوخۆدا چەندین تاوانی بەخۆیەوە بینی بەڵام لە بیست ساڵی ڕابردوودا دووبارە ئاوەدان کراوەتەوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە هاویندا خەڵکێکی زۆر بۆ خۆشی دەچوونە ئەم شوێنە، بەڵام لە زستاندا ڕووبەڕووی سەرما و بەفربارینی زۆر دەبێتەوە.
هەروەها لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم هاوینەهەواریەش لە هێرشی تیرۆریستی ڕزگاری نەبوو و لەلایەن کەسێکی خۆکوژەوە هێرشی کرایە سەر. لەو ڕووداوەدا نزیکەی بیست کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژن و منداڵیشیان هەبووە. تاڵیبان لەو کاتەدا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتبوو.
دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، هاوشێوەی زۆرێک لە شوێنە گشتییەکان، ئەم هاوینەهەوارییە بەڕووی ژناندا داخرا، هەروەها ئەو خێزانانەی کە پلانیان هەبوو لەگەڵ ژنان بچنە ژوورەوە، ڕێگەیان پێنەدرا بچنە ژوورەوە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بۆ پشکنینی دۆخی ئەم شوێنە چووینە بەنداوی قەرغە.
لە دەرگای چوونە ژوورەوەی بازگەکە، چەند ئەندامێکی هێزی "فەرمانکردنی فەزیلەت و قەدەغەکردنی خراپەکاری" جێگیربوون، پشکنینی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانیان دەکرد بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ ژنێک لەنێو سەرنشینەکاندا نییە. ئەو خێزانانەی بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵیان دەدا بچنە ژوورەوە، ئەو شوێنە نەک هەر پیس و ناڕێک و پێک بوو، بەڵکو بووبوو بە بێدەنگییەکی کوێر و بێ ڕۆح. تەنیا چەند پیاوێک لەوێ بینران و وروژاندن و ژاوەژاوی ڕابردوو لە بەنداوی قرغێ نەمابوو.
واحیدە شاکوور، یەکێکە لەو ژنانەی لە ڕێگادا قسەمان لەگەڵ کرد، وتی: نازانم بۆچی تاڵیبان تەنانەت لە ئێمەی ژنانیش دەترسن کە لە شوێنە وەرزشییەکاندا بین. "ڕەنگە نیگەران بن لەوەی ئەو شوێنانە ببنە شوێنی ناڕەزایەتییەکانمان".
بە زەردەخەنەیەکی تاڵ و سەرکەوتووانە بەردەوام بوو: ترسەکانیان بێ بنەما نییە، لەوانەیە ئەم جۆرە شوێنانە دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی ژنان کۆببنەوە و ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە ستەمەکانیان. "دڵنیام ڕۆژێک دێت ئێمەی ژنان کە لە هەموو ساتێکدا ستەممان لێدەکرێت، دەبینە هێزێکی بەهێز بۆ ڕووخاندنیان.