بکوژی ژنێک دوای زیاتر لە ساڵێک دەستگیرکرا
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک کە نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر کوژراوە، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/01/20250115-ssll-jpg0a9723-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی لە رۆژی ١٧ی٨ی ٢٠٢٣ ژنێك لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی بە خنكاوی دۆزرایەوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دەركەوت لەلایەن خزمێكی خۆیەوە كوژراوە و بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار دۆزرایەوە و توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن و بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری حكومەتی فیدراڵ تۆمەتبار لە پارێزگای عەممار دەستگیربكرێت.
لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە: لە ئێستادا تۆمەتبار ( ك ،ع، ف بە ناسنامە عەرەب ، لەدایكبووی ٢٠٠٦ ) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا، كە تۆمەتبار لە پارێزگای عەممارەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی هەستاوە بە خنكاندنی پوری خۆی.