کاردانەوەی فەقیهە سوڵتانی بەرامبەر بەیاننامەی سینەماکارانی ئێران
فەقیهە سوڵتانی ئەکتەری ئێرانی ڕەخنەی ئەو ژنانەی کرد کە بێدەنگ بوون کاتێک ٦ ساڵ پێش ئێستا خۆی باسی لە دەستدرێژی سێکسی لە سینەمای ئێران کردووە و دەڵێت "ئێوە پشتگیریتان نەکردم، بەڵام ئێستا من لە پشتتانم".
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/04/20220406-20220406-sltany-png10e847-image-jpg8735a4-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
فەقیهە سوڵتانیی ئەکتەر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تویتەر ڕەخنەی لەو ژنە ئەکتەرانە گرت کە شەش ساڵ پێش ئێستا بێدەنگ بوون لە بڵاوبوونەوەی دەستدرێژی سێکسی لە سینەماکانی ئێران و نوسیویەتی: "شەش ساڵ لەمەوبەر هەمان قسەمان کرد و ئێوە لە بەردەمماندا وەستان و بێدەنگبوون".
ئەو ئەکتەرە دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵم کە دواجار دوای شەش ساڵ لەخەو هەستاین و دەستمانکردووە بە بزووتنەوەیەک بۆ پشتیوانی ئەو گەنجانەی دەچنە ناو پیشەی سینەما، ئێمە هیچ پەناگایەکمان نییە بەرامبەر بە هەڕەشە و گێچەڵکردنی کەسانی لێهاتوو و بێگومان کەسانی پسپۆڕی سینەمایی."
لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا شەش ساڵ لەمەوپێش هەوڵماندا بیسەلمێنین کە لە سینەمادا کێشەی دەستدرێژی و گێچەڵپێکردن هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس لەبەردەمماندا وەستان، زۆر کەس بێدەنگ بوون و وتیان کە هیچ کێشەیەکی لەم شێوەیە لە سینەمادا نییە، هیوادارم لە ئێستاوە دەسەڵاتدارانی نوێ پەلە بکەن لە یارمەتیەکانتان و هەوڵی چارەسەری بدەن.
ت.پ