بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری ژنێکی گەنج لە بەغدا کوژرا

لە شاری سەلاحەدین لە باکووری بەغدای پایتەخت، مامۆستا خیتام ئەحمەد شەمەری، مامۆستای زانکۆ دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی بکات، لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای بانگەوازی مافی مرۆڤ بۆ چاکسازی لە یاساکان و کۆتاییهێنان بە بێدەنگی لە دەوری پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان لە عێراق، لەوانەش کوشتن و توندوتیژی، زۆرێک لە شارەکان شاهیدی زیادبوونی مەترسیدارن لە کوشتنی ژنان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێگری یاسایی لاوازە،  نیگەرانییەکی بەرفراوانی لەبارەی پاراستنی ژنانی زیانبەرکەوتوو وروژاندووە.

 

شەوی ڕابردوو ٢٧ی ئاب، شاری سەلاحەدین کە دەکەوێتە ناوەڕاستی عێراق و لە باکووری بەغدای پایتەخت، شایەتحاڵی کوشتنێکی ترسناک بوو، کە تێیدا مامۆستایەکی زانکۆ بەناوی خیتام ئەحمەد شەمەری لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا، دوای ئەوەی ئامادە نەبوو هاوسەرگیری لەگەڵ بکات.

 

بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان، ئەو تاوانە دوای ئەوە ڕوویداوە کە ناکۆکیی خێزانی لەنێوان هەردوولا پەرەی سەندووە و بەو هۆیەوە ئەنجامدەرەکە تەقەی لە خیتام ئەحمەد شەمەری کردووە و دەستبەجێ کوژراوە، پاشان لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵهات.

 

ئەم تاوانانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە ڕێگرییەکی یاسایی کە مافی ژنان بپارێزێت و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکات نییە، ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی دڕندانەی توندوتیژی دژی ژنان.