"بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی موچە خێزان هەیە ناتوانێت منداڵەکانی بنێرێتەوە بۆ خوێندن"

قەیرانی دارایی كاریگەری كردۆتە سەر ژیانی خەڵك و بەهۆی نەبوونی موچە خیزانەکان ناتوانن پێداویستی خوێندن بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، مامۆستا ڕێزان بەکر دەڵێت: ناسەقامگیری موچە كارەساتێكی دیكەی دروستكرد ئەویش دروست بوونی چینایەتییە.

شیا کۆیی

 

کۆیە-١٢ ساڵە هەرێمی كوردستان دەخولێتەوە لەنێوان قەیرانی دارایی و نەهاتن و دواكەتوتنی موچە، هەرساڵەو مامۆستایان و فەرمانبەران چەند موچەیەكیان دەفەوتێت، بۆ ئەمساڵ وا كە لە كۆتایی مانگی ئەیلوولین هیشتا موچەی مانگی  تەمووزو ئاب نەدراوە، ئەوەش باری دارایی خێزانەکانی خراپتر کردووەو دڵەراوكێی لای كەسوكاری خوێندکاران دروست کردووە، بەتایبەت ئەوانەی منداڵەكانیان لە پۆلەكانی سەرەتایین دەترسن  جارێکی دیکە خوێندکاران داببڕێن لە خوێندن بەهۆی بایكۆت، مامۆستایانیش دەڵێن ئەوەی كردوومانە لە دڵسۆزیمان بوە و ئەو دڵسۆزیەش سنووری خۆی هەیە.

 

دایکان لە خەمی خوێندنی منداڵەکانیاندان

ڕێزان بەكر مامۆستایە لە ساڵی ١٩٨٦ەوە بەردەوامە وەك مامۆستاو فێركاری وانەی كوردی لە یەکێک لە قوتابخانەكانی شاری كۆیە، سەبارەت بەوەی كە دایكان بەردەوام لە دڵەراوكێدان دەربارەی ئەوەی داهاتووی منداڵەكانیان بەكوێ دەگات بەهۆی ناسەقامگیری موچە و بایكۆت، هەروەها چەندە كاریگەری نەرێنی هەیە بۆ خوێندکاران و کەسوکاریان؟ ڕێزان وتی: لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ٢٠٢٥ ئەو ناسەقامگیریەی موچە بەردەوامە هەر بەردەوامیش دەبێت، چونكە كەرتی پەروەردە و كەرتی تەندروستی دوو كەرتی بنەرەتین بۆ پێشكەوتنی وڵات، هەركاتێك ئەو دوو كەرتە كەوتنە مەترسیەوە و بەپاش كەوتن ئەوە وڵات لە قەیرانێكی گەورەدایە، بۆیە بەداخەوە ئەوەی ئیستا لە لای ئێمە هەیە كاریگەری زۆری هەیە لە سەر ژیانی هەموومان، رۆژانە دایكان پەیوەندیمان پێوە دەكەن و دەڵێن مامۆستا ئەمساڵیش وەك ساڵانە دەبێت منداڵەكانمان خوێندنیان لە دەست بچێت، منیش دەڵێم منیش وەك ئێوەم نازانم لەبەرچی دەپرسن چونكە موچە نییە، چونكە ساڵانی رابردوو بینیمان خوێندکاران چەند دابران و خوێندنیان لەدەستچوو، هاوكات ئەو دایكانە  ناتواننن پێداویستی منادڵەكەی لە جلو بەرگ و پەراو جانتا دابین بكات بۆیە ئەو بارۆدۆخە كاریگەری نەرێنی زۆری هەیە لەسەرهەمووان.

 

" ناسەقامگیری چینایەتی درووستكردووە"

مامۆستا ڕێزان وتیشی: قەیرانەكە ساڵێک و دوو ساڵ نییە، لە ٢٠١٤وە بەردەوامە هەرجارەو بەشێوەك  موچەكان نەهاتن یان بە ناوی پاشەكەوت یان لێبڕین و قەیرانە، ئەوەش كاریگەری زۆری كردە سەر ژیانی مامۆستا، مامۆستا گیرفانی بەتاڵ بوو چونكە مامۆستاش هەروەك خەڵكی دیكە ژیانی هەیە، پێویستی بەخەرجییە، ژیان بەم شێوەیەو بێ پارە ناچێتە سەر، بۆیە كاریگەری زۆر دروست كرد، نا سەقامگیری موچە كارەساتێكی دیكەی دروست كرد ئەویش دروست بوونی چینایەتی، چینێك كە دەست رۆیشتوو بوون منداڵەكانیان ناردە كەرتی تایبەت، كێ زیانی بەركەوت منداڵی هەژار و مامۆستایانیش چونكە ئەوانیش لە چینی هەژارن ئەگەر موچە وەرنەگرن لەكاتی خۆی، بۆیە چینایەتی دروست بووە لە هەرێمی كوردستان.

 

مامۆستا ڕێزان بەکر داوایکرد لە لایەنی پەیوەندیدار كە بژێوی خەڵكیان لەدەستە، چارەسەری ئەو قەیرانە بكەن هەووەك بە پێی هەموو مافێك هاتووە، مامۆستاش هەروەك كرێكارە مافی خۆیەتی سەری مانگ موچەكەی وەربگرێت، نەشیشاردەوە كە ئەوان زۆر بەدڵسۆزانە چون بۆ دەوامی خۆیان وەك خۆی دەڵێت  بە باغەڵی بەتاڵ وانەمان وتەوە بەڵام مامۆستاش هیچكە لەتوانای دا نیە ئەوەی شتەكیشی هەبوو خەڵاس بوو بەسە ئەو بارو دۆخە چونكە زۆری پێچوو نەخۆش هەیە هەیە كرێچیە هەمو ئەوانش پیویستی بە خەرجیە هەتا ئێستا ئەوەی كراوە مامۆستا لە دڵسۆزی خۆی بووە بۆ نەوەی نیشتمانەكەی.

 

" ئێمە هەرچواردەورمان دوژمنە نامانەوێت ڕەوشی كوردستان تیكبچێت"

لەكۆتایی قسەکانیدا مامۆستا ڕێزان وتی: لەم رۆژانە بینیم بەرپرسێك وتی پیشەی مامۆستایەتی زۆر پیرۆزە حەق نتیە داوای موچە بكەن، منیش لەوڵامدا بەوان دەڵێم ئەركی ئیوە لە هی ئێمە قورسترە، ئێوەش لەوپارە خەزنكراوانەتان ولەبەردەستاندایە بیبەخشن و بیدەن بە میللەتی خۆتان، ئەوە من دوا ساڵی وانە وتنەوەمە لە پەروەردە ئەوەی كردوومە لە دلسۆزی خۆم بووە نەمهێشتوە كەلێن بكەوێتە خوێندنگەکەم، ئێوەش دڵسۆزبن لە كاتێكدا ئێمە هەرچواردەورمان دوژمنە نامانەوێت رەوشی كوردستان تیكبچێت بەڵام ئەو ئارامیەی ئێمەش سنووردارە، بۆیە هیوادارم ساڵ ببێتەوە ١٢ مانگ ومانگ ببێتەوە ٣٠ رۆژ، موچەش لەكاتی خۆی وەربگرین، ئێمە دڵسۆزین لەپیشەكەمان با ئەركی خۆیان جێبەجێبكەن.

 

"پیشکەوتنی وڵات لە خوێندنگەوە دەستپیدەکات"

بێخاڵ محەمەد، خاوەن كتێبخانەیە، سەبارەت بەو بارودۆخەی خوێندکاران تێی كەوتوون لە نیوان خوێندن و دڵەراوكێی بایكۆت و ئەو جیاوازیانەی لە نێوان کەسانی هەژارو دەوڵەمەند درووست بووە  وتی: بەهۆی ناسەقامگیری موچەوە جیاوازیەكی زۆر درووست بووە ئەوانەی باری داراییان باشە منداڵەكانیان ناردووتە خوێندنگەی ئەهلی خەڵكی هەژاریش ئەوەی بۆناكرێت بۆیە داوادەكەین حكومەتی هەرێم چاویك بخشێنێت بە موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان تا ساڵی خوێندنی خوێندکارانمان نەفەوتێت.

 

"خێزان هەیە ناتوانێت منداڵەکانی بنێرێتەوە بۆ خوێندن"

بێخاڵ محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: قەیرانی دارایی هێندە كاریگەری كردووەتە سەرژیانی خەڵك  خێزانی وامان هەیە نەك ناتوانێت منداڵی بنێرێتە بەر خوێندنی ئەهلی بەڵكو ناتوانێت منداڵی بنیرێتە خوێندنی حكومیش، چونكە ناتوانێت پێداویستی بۆ دابین بكات، هاوكات  لەناو خوێندگە حكومیەكان كەموکورتی زۆر هەیە داوادەكەین رەچاوی ئەو شتانە بكرێت، چونكە پیشكەوتنی وڵات لە خوێندنگەوە دەستپێدەكات و پەروەدرەو فێركردن لە پیش هەموو شتێكەوەیە، وەك خۆم داوادەكەم لە خوێندنگە حكومیەكان لەگەڵ ئەو بارودۆخە ناهەمووارەش زانیارییەكان بە باشی بگەیەنن بە خوێندکاران جیاوازی زۆر نەبێت لە نێوان خوێندنی ئەهلی و حكومی تا منداڵی هەژاریش لەم ناوە نەبێتە قوربانی.