بەهۆی کێشەی پیسبوونی ئاوەوە ژیان لە غەززە سەختتر دەبێت

بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ململانێکان لە غەززە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، ئازار و سەختییەکانی ژنان زیاتر دەبن، ئەمەش دۆخەکە قورستر دەکات، بەتایبەتی لەڕووی ئاو و پیسبوونەوە کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشین.

ڕەفیف ئیسلیم

 

 غەززە – زۆربەی دانیشتوانی کەرتی غەززە بەدەست پیسبوونی توندی ئاو و شەڕ و ململانێی بەردەوامەوە دەناڵێنن، بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە ٩٧%ی ئاوی کەرتی غەززە بۆ خواردنەوە نابێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشی لە کۆمەڵگەدا.

 

 "کێشەی پیسبوونی ئاو لە غەززە لە زیادبووندایە"

 سەحەر نەجار، دەرمانساز سەرنجی بۆ کێشەی ئاوی کەرتی غەززە ڕاکێشا و وتی: کێشەی ئاو گەورەترینە، هەر بۆیەش دەبێتە مانشێتی هەواڵەکان لە غەززە، هەروەها ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی تەندروستی مرۆڤ بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە، لە هەمانکاتدا پیسبوونی ژینگە و خراپی پاکوخاوێنی دەبێتە هۆی زیادبوونی شێرپەنجە لە ناوچەکەدا، کێشەی ئاو پێش هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا هەبووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانی کێشەکە چارەسەر بکەن و ئەم کێشەیە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ خراپتر بوو، بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەرکەوتووە ئاوی غەززە بۆ خواردنەوە شیاو نییە و نابێت بەکاربهێنرێت.

 

"زۆرێک لە نەخۆشییەکان بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە دروست دەبێت"

 سەحەر نەجار ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی کێشەی پیسبوونی ئاوەوە چەندین نەخۆشی بڵاودەبنەوە و وتیشی: بەهۆی کێشەی ئاو و پیسبوونیەوە، خەڵک بەدەست چەندین نەخۆشیەوە دەناڵێنن، باوترینیان سکچوون و کۆلێرا و ژەهراویبوونە، بەهۆی پیسبوونی ئاو، ساڵ و نیوێکە دەبێتە هۆی مردنی هاوڵاتیان، بەڵام  ئەوان ئەم ئاوە پیسە دەخۆنەوە و بەکاری دەهێنن، لەهەمانکاتدا بەهۆی ئەم کێشەیەوە نەخۆشییەکانی پێستیش لە زیادبووندایە، کارمەندانی چاودێری تەندروستیش دەبێت هەمیشە ئامادەیی ئەو نەخۆشیانە بن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هێرشی توند و کەمی دەرمان، کەرتی چاودێری تەندروستی ناتوانێت هاوکاری خەڵک بکات.

 

"٩٧%ی ئاوی غەززە ناخورێتەوە"

 سەحەر نەجار لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ژینگەش بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە پیس دەبێت و وتیشی: بەهۆی کێشەی پیسبوونی ئاوەوە، ژینگەش پیس دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خاکەکە ژەهراوی بێت و کێشە بۆ بەکارهێنان و  کشتوکاڵ بۆ چەندین ساڵی داهاتوو دروست بکات، ئەم ژەهراویبوونەش بە هۆی ئەو کۆمەڵکوژییە جینۆسایدانەیە کە لە دژی گەل ئەنجام دەدرێن، بەپێی ڕاپۆرتە نیشتمانییەکان ٩٧%ی ئاوەکە بۆ خواردنەوە نییە، بە تایبەتی ئاوی ژێر زەوی کە بە نیترات پیس بووە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

 

 "بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان کێشە دروست دەکات"

 سەحر نەجار سەبارەت بە گرنگترین پیسکەرە ئۆرگانییەکانی کەرتی غەززە وتی: بۆمب و مووشەکی نەتەقیو، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەدەغەکراون، کێشەی پیسبوون دروست دەکەن، کاریگەری ئەمانە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە ناوچەکەدا دیاری دەکرێت.  جگە لەوەش بەهۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشی تاعون لە ناوچەکەدا کێشەی خەڵک زیاتر توند بووە، جگە لەوەش ئەو بەکتریا و مشەخۆرانەی لە ئاودا دەژین، دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا، هەوکردنی جگەر، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ٤٠%ی خەڵکی ناوچەکە بەو نەخۆشیانە گیانیان لەدەستداوە.

 

 'ژن و منداڵان ئەوانەن کە زۆرترین زیانیان بەهۆی کێشەی ئاوەوە بەردەکەوێت'

 سەحەر نەجار جەختی لەوە کردەوە کە ژنان و منداڵان ئەوانەن کە قورسایی ئەو کێشە و نەخۆشیانە لە ئەستۆ دەگرن و وتیشی: ژنان و منداڵان قورسایی کێشەکانی پیسبوونی ئاو لە ئەستۆ دەگرن،  شیر بۆ منداڵان ئامادە دەکرێت بەم ئاوە،  خێزانە کۆچبەرەکانیش قورسایی ئەم کێشانە لە ئەستۆ دەگرن، زیاتر لە ٦٠%ی منداڵان بەهۆی نەگەیشتن بە چاودێری تەندروستی تووشی نەخۆشییەکانی سکچوون دەبن.

 

 "چارەسەری کێشەی ئاو بکەن"

 سەحەر نەجار داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد و وتی: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەبێت ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و دەرفەتی ژیان بۆ خەڵکی غەززە بڕەخسێنن، لەهەمان کاتدا دەبێت کەمپەکانی پەنابەران لە ناوچە پیسەکان دوور بخرێنەوە و ئەم هێرش و شەڕە بۆ قڕکردنی خەڵک ڕابگیرێت.