بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە سوهەیلا حیجاب دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە
دوای توشبوونی سوهەیلا حیجاب بە ڤایرۆسی کۆرۆنا باری تەندروستی تێکچوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-sohilahejab-jpg1d6c56-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی شوبات، سوهەیلا حیجاب، زیندانی سیاسی، بەهۆی توشبوونی بەڤایرۆسی کۆرۆنا و نەبوونی پزیشک لە بەشی کلینکی زیندان، لە بەشی ژنانی زیندانی کرماشان گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان.
سوهەیلا حیجاب، زیندانی سیاسی، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٩دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لە ١٥ی ئاداری ٢٠٢٠ بە کەفالەتی ٣ ملیار تمەن لە زیندانی ئێڤین ئازادکرا.
دواتر لەلایەن لقی 28ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی حاکم محەمەد موغیسە، بە تۆمەتی پڕوپاگەندەی دژ بە دەوڵەت و کۆبوونەوە و بانگەوازی و شێواندنی ڕای گشتی بە مەبەستی شێواندن و پێکهێنانی گروپێکی نایاسایی، سوهەیلا حیجاب بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٠ دوای ئەوەی لقی ٣٦ی دادگای تێهەڵچوونەوەی تاران ئەو سزایەی پشتڕاست کردەوە، دەستگیرکرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی شاری وارامین، ساڵی ڕابردوو لە زیندانی قەرچەکی شاری وارامینەوە بۆ زیندانی سنە لە شاری سنە گوازرایەوە و دواتر لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ برایە ناوەندی چاکسازی کرماشان.
ت.پ