بەغدا، دوو خوشک لە هەوڵی خۆکوژی ڕزگار کران
لە عێراق دوو خوشک کە هەوڵی خۆکوشتنیان دا لەسەر پردی جەدرییە لە بەغدا لەلایەن پۆلیسەوە ڕزگار کران.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-56321-jpg2a3d5d-image.jpg)
لە عێراق دوو خوشک کە هەوڵی خۆکوشتنیان دا لەسەر پردی جەدرییە لە بەغدا لەلایەن پۆلیسەوە ڕزگار کران، چالاکوانێکیش دەڵێت یاساکان لاوازن لە ئاست کێشەکانی ژنان.
غوفران ئەلڕازی
بەغدا- ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بە کوشتن و خۆکوشتنی گوماناوییەوە لە جیهاندا ڕوودەدەن، لە عێراق دوو خوشک لەسەر پردی جەدرییە هەوڵی خۆکوشتنیان دا، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە ڕزگارکران، زانراوە لە ئێستا بارودۆخی ئەو دوو خوشکە باشە و لە شوێنێکی ئارامدا جێگیرکراون و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکرێت.
"دوو خوشکەکە بەهۆی کێشەی خێزانیەوە هەوڵیان داوە کۆتایی بە ژیانیان بێنن"
چالاکوانێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: ئەو دوو کچە گەنجەی ویستویانە خۆکوژی بکەن، خوشکی یەکن و تەمەنیان ٢٠ ساڵە، دانیشتووی شاری بەغدان، باس لەوەدەکرێت کە دوو خوشکەکە کێشەی خێزانییان هەبووە و هۆکار بووە هەوڵی خۆکوژی بدەن".
ئەو چالاکوانە جەختیکردەوە کە لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی ناوخۆ ئەرکی خۆیان جێبەجێدەکەن و پاڵنەرەکانی خۆکوشتنی ئەو دوو خوشکە دەخەنەڕوو تا ژنانی گەنجی دیکە خۆکوشتن وەک چارەسەری کێشەکانیان نەبینن و هەوڵی بۆ نەدەن.
"بە بەرچاومەوە دوو خوشکەکە خۆیان هەڵدایەوە ناو ئاوەوە"
شایەتحاڵێکی ڕووداوە، وەها باسی ڕووداوەکەی بۆ نوژنها کرد: "من لە نزیک ئەو شوێنە پیاسەم دەکرد کە دوو کچەکە وەستابوون، هەستم بە دۆخی خراپیان دەکرد و پێم وابوو پێویستیان بە یارمەتییە. کاتێک کەمێک لێیان نزیک بوومەوە، کچێک خۆی لە پردەکە فڕێدا و پاشان کچەکەی تر خۆی فڕێدا و دواتر خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە و پۆلیسی ناوچەکە لە مردن ڕزگاری کردن".
"یاسا بەرامبەر ئێشی ژنان لاوازە"
ڕێزان شێخ دلێر، سیاسەتمەدار و چالاکوانی مافەکانی ژنان، ئاماژەی بەوەدا ژنانی عێراق لە ژێر گوشاری گەورەی دەروونی و کۆمەڵگەیدا دەژین، " ئەم گوشارانە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دابونەریت و باری خێڵەکی و بەهۆی لاوازی یاساکانەوە سەبارەت بەکێشەی ژنان ڕوودەدات، ئەم دۆخە ژنان بەرەو نائومێدی دەبات و زۆرێک لە ژنان ڕوو لە خۆکوشتن دەکەنەوە، یاسا لاوازە لە بەرامبەر ئەو ئازارانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە. دەرکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی یەکەم گرەنتییە کە خێزان و ژن و منداڵ دەتوانن ژیانێکی هاوسەنگ بژین".
ئەو چالاکوانە داوا لە ژنان دەکات خۆیان بەدووربگرن لە بیرۆکەی خۆکوشتن و بەردەوام بن لە داواکردنی مافە ڕەواکانیان.
ت.پ