ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی عێراق ١٥٠ برینداری لێکەوتەوە

لە یادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تشرینیەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و زیاتر لە ١٥٠ کەس بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

١ی تشرینی یەکەم، تشرینییەکان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدای پایتەختی عێراق و لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ دەستیان بە خۆپیشاندانێکی فراوان کرد و بەرەو پردی کۆماری و ناوچەی سەوز بەڕێکەوتن و بەربەستی یەکەمیان شکاند، هێزێکی ئەمنی زۆر بەناو شاری بەغدادا بڵاوەیان پێکرا و ئەو ڕێگانەیان گرت کە بە ئاڕاستەی گۆڕەپانی تەحریر بوون، تا ڕێگە لە گەشتنی خۆپیشاندەران بە گۆڕەپانی تەحریر بگرن.

 

ڕێگەکانی ناوچەی سەوز بە هێزی ئەمنی تەنران، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی بەغدا باسیان لەوە دەکرد کە گرژی و هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران ئەنجام نەدرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی فیشەکی لاستیک و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد، لە ئەنجامدا لە بەغدا و بەسرە، کە خۆپیشاندانی تێدا ئەنجامدرا، زیاتر لە ١٥٠ کەس بریندار بوون، تەنها لە بەسرە ٣٠ کەس برینداربوون بە کۆی هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران.

 

ئەم خۆپیشاندانە دوای ئەوەدێت لە ١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ تشرینییەکان خۆپیشاندانیان کرد و داوای خزمەتگوزاری و بنبڕکردنی گەندەڵی و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەلی کار و باشترکردنی ژیانیان دەکرد.