بایکۆت لە سلێمانی و گەرمیان بەردەوامە

بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیانەوە، بایکۆتی دەوام لە سلێمانی و گەرمیان بەردەوامە و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی کارەکانیان كرد.

ناوەندی هەواڵ

 

موچەخۆرانی هەرێم لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ دان، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی تشرینی یەکەمیان وەرنەگرتووە و حکومەتی کاربەڕێکەریش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی دەستپێکردنی دابەشکردنی موچە، یان چارەنووسی موچەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم نەداوە.

 

بەم هۆکارە ماوەی هەفتەیەکە لە زۆرینەی خویندنگەکانی سنووری سلێمانی بایکۆتی خوێندن کراوەو دوێنێ لە سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو مامۆستاو فەرمانبەران و چالاکوانان خۆپیشاندان کرا.

 

بەیانی ئەمڕۆ، هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی کارەکانی ڕاگەیاندو وتیان: پێویستە حکومەت لە داهاتی ناوخۆ کورتهێنان پڕ بکاتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.

 

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش بایکۆتی کارەکانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد، تا مووچە دابەشنەکرێت دەست بە کار ناکانەوە.

 

بەدەر لەوانەش، بەشێکی زۆری فەرمانگەکان کارەکانی رۆژانەیان بایکۆت کردووە و مامەڵەی هاوڵاتییان بەڕێ ناکەن.

 

لە هەفتەی رابردووەوە بەغدا ٧٦١ ملیار دیناری وەک موچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر بە بیانووی ئەوەی پارەکە کەمە، دەست بە دابەشکردنی موچە ناکات و چاوەڕێیە بەغدا پارەی دیکەی بۆ بنیرێت.