بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا لە سودان لە زیادبووندایە

کۆلێرا لە سودان بڵاودەبێتەوە, ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بووە بە ٤٨ هەزار و ٥٩٨ کەس ، هەروەها باس لەوە کراوە کە ٢٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سودان بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا بەردەوامە و مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی هەیە، لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی سودان هاتووە: کۆی گشتی ئەو کەسانەی تووشی پەتاکە بوون، بووە بە ٤٨ هەزار و ٥٩٨ کەس ، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ٢٥٨ کەسە.

 

سەرەتای مانگی حوزەیران بەهۆی باران بارین لافاو دروست بوو، ئەمەش وایکرد پەتای کۆلێرا بە خێرایی بڵاوبێتەوە، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە گیان لەدەستدانی زیاتر، دەسەڵاتدارانی سودان لە ١٢ی ئابدا بە فەرمی کۆلێرایان وەک پەتایەک ڕاگەیاند، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژێرخانی تەندروستی لە وڵاتدا تاڕادەیەکی زۆر زیانی پێگەیشتووە، رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە زەحمەتە.

 

 ٣.٤ ملیۆن منداڵ مەترسی تووشبوونیان بە پەتای کۆلێرا هەیە

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١ی تشرینی یەکەمدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار منداڵ لە سودان مەترسی تووشبوون بەم پەتایەیان لەسەرە، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، یونیسێف لە ٥ی تشرینی دووەمدا یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار ڤاکسینی کۆلێرای بۆ ئەو وڵاتە ناردووە.

 

لە سودان کە لە ژێر سێبەری شەڕدایە، بەهۆی کارنەکردنی سیستمی تەندروستی بە شێوەیەکی کاریگەر، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمیەکانی وەک کۆلێرا، باری ژیانی خەڵک خراپتر دەکات، شارەزایان هۆشداری دەدەن لە زیادکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان.