باران سەعیدی و سۆما محەمەد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، دوو ژنی چالاکوانی کوردی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی ژنێکی چالاکوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕایگەیاند، دوێنێ ١٠ی ئادار باران سەعیدی، چالاکوانی کورد  خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

 

لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ باران سەعیدی لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی "ژن ژیان ئازادی" دەستگیر کرا و لەدوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەر دوێنێ ١٠ی ئادار ژنێکی چالاکوانی کورد بە ناوی سۆما محەمەد ڕەزایی خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لەو شارە دەستگیر کرا و بۆ زیندانی سنە گوازرایەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانەکەی لە بازاری ئەڵماسی شارەکە و بە بێ مۆڵەتی یاسایی دەستگیریان کردووە.

 

باس لەوەشکراوە، هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریی لە مەراسیمی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە شاری سنە.

 

جێگای ئاماژەیە، سۆما محەمەد ڕەزایی چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانییەوە لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی بانگهێشت و هەڕەشە بووەتەوە.