"بانگەوازیی ڕێبەری گەلی کورد ئاشتیانەیەو دەبێت چاوەڕێی هەنگاوی کرداری بکەین"
ڕاگەیاندنکار ئاسكە جەعفەر ئاماژەی بەوەکرد، بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری ئاشتیانەیە و بە فەرمی ناسینی ناسنامە و مافی کوردانە لە دەستووری تورکیا، بە هەنگاوێکی ئەرێنی هەژمار دەکرێت.

شیا کۆیی
كۆیە- بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ "بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" کە لە ٢٧ی شوبات ڕاگەیەندرا، دەنگدانەوەی ناوخۆیی و جیهانی هەیە، ئەو بانگەوازە کە تا ئێستاش لە تورکیا و هەر چوار لایەنی کوردستان قسەی لەسەر دەکرێت، بە "دەربڕینێکی گەورەی ئیرادە" دادەنرێت.
سەبارەت بە بانگەوزییەکە ئاسكە جەعفەر، ڕاگەیاندكار ئاماژەی بەوەکرد، بانگەوازییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گرنگە و چارەسەری ئاشتیانەیە، ناسینی ناسنامە و مافی کوردانە، ئەم پرسە دوو لایەنی هەیە یەکیان پەیوەندی بە بەرنامەی سیاسی و ڕوانینی پەکەکەوە هەیە، ئێستا دەبینین کە ڕێبەر دروشمی برایەتی گەلان و کۆنفێدڕالیسمی دیموکڕاتیکی هەڵگرتووە، ئەمەش بە کردەوە لە هەڵوێستی سەرکردایەتی پەکەکە دەبیندرێت و بانگەشەی بۆ دەکات.
ئەوەشیخستەڕوو، لایەنێکی دیکەی ئەم هاوکێشەیە، سیاسەتی راگەیاندن و تا ڕادەیەک شاراوەی دەوڵەتی تورکە خودی پرسیارەکە دەکرێت بە دوو شێوە قسەی لە سەر بکرێت، ئەویش چەککردنە یان چەک دانانە، ئەگەر بابەتە چەککردنی پەکەکە بێت، بێگومان لە زیانی ئەم پارتە دەشکێتەوە، بەڵام ئەگەر چەکدانان بە واتای ڕاوەستانی شەڕی چەکداری و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازترە.
" چارسەری ئاشتیانە و دەستووری لە ڕێگای دیالۆگەوەیە"
ئاسكە جەعفەر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بە گشتی بانگەوازییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری ئاشتیانە و بە فەرمی ناسینی ناسنامە و مافی کوردانە لە دەستووری تورکیا، بە هەنگاوێکی ئەرێنی هەژمار دەکرێت و پێیشم وایە چارسەری ئاشتیانە و دەستووری و لە ڕێگای دیالۆگەوەیە، بژاردەیەیەکی دیموکراتییە بۆ هەردوو لایەنی ئەم کێشەیە و دەبێت پێشوازیی لێ بکرێت، بەڵام ئەمە تەنها دڵخوازێکە و گرێدراوە بە مەرج و پێش مەرجەکانی دوو لایەن و دەبێت چاوەڕێی هەنگاوی کرداری بکەین بە تایبەتی لە لایەنی دەوڵەتی تورکیاوە.