بانگەوازێک لە ئیتالیا بۆ پەخشان عەزیزی
ئەنجومەنی هەرێمی لۆمباردی لە ئیتاڵیا نامەیەکی بۆ باڵیۆزی ئێران نووسی و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان عەزیزی و کۆتاییهێنان بەو سزا ناڕەوایەی کرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی هەرێمی لۆمباردی لە ئیتالیا لە نامەیەکدا بۆ باڵیۆزی ئێران، سەرنجی بۆ سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکاندا ڕاکێشاوە و داوای کردووە دەستبەجێ ئەو سزایە هەڵبوەشێنرێتەوە.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پەخشان عەزیزی، پارێزەری مافی مرۆڤ و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە نادادپەروەرانە دادگایی کراوە و ساڵانێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و عێراق بەسەر بردووە، هاوکاری ئەو ژن و منداڵانەی کردووە کە بەهۆی هێرش و داگیرکارییەکانی داعشەوە ئاوارە بوون.
هەروەها لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پەخشان عیزیزی لە کاتی دەستبەسەریدا تووشی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بووە.
دەبێت بەبێ مەرج ئازاد بکرێت
ئەندامانی ئەنجومەن ئەو پشتگیرییەیان بەبیرهێنایەوە کە پێشکەشی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی:یان کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم دروشمە زیاتر لە ساڵێکە لەسەر تابلۆ گشتییەکانی وڵات داندراوە.
واژۆکارانی نامەکە ڕایانگەیاندووە کە پەخشان عزیزی بەهۆی کارە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، داواش دەکەن دەستبەجێ سزاکەی هەڵبوەشێنرێتەوەوسزاکەی کەمبکرێتەوە و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت.