"باڵادەستی باوک و برا لە خێزانەوە گوێزراوەتەوە بۆ خوێندنگا و دامودەزگا ڕەسمی و پارتە سیاسیەکان"

پارێزەر پەیمان عیزەدین ڕەخنە لە پەروەردەی خێزانەکان دەگرێت و دەڵێت: "خێزان و نەریتی باوی کۆمەڵگا ، مێینەی لاوازی دەوێت"، ئاماژە بەوەشدەکات کە باڵادەستی باوک و برا لە خێزانەوە گوێزراوەتەوە بۆ خوێندنگا و دامودەزگا فەرمی و پارتە سیاسیەکان. ناوەندی هەواڵ

پارێزەر پەیمان عیزەدین ڕەخنە لە پەروەردەی خێزانەکان دەگرێت و دەڵێت: "خێزان و نەریتی باوی کۆمەڵگا ، مێینەی لاوازی دەوێت"، ئاماژە بەوەشدەکات کە باڵادەستی باوک و برا لە خێزانەوە گوێزراوەتەوە بۆ خوێندنگا و دامودەزگا فەرمی  و پارتە سیاسیەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی "شنیار هونەر" لە لایەن هاوژینەکەیەوە لە سلێمانی سوتێندراو دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەیانی ئەمرۆ گیانی لەدەستدا، کاردانەوەی کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی ژنان و پارێزەرانی لێکەوتووەتەوە، پارێزەر پەیمان عیزەدین لەو بارەیەوە نوسیوویەتی: "ئەوەی وادەکات ژن لەم کۆمەڵگایەدا زیاتر لە کۆمەڵگاکانی تر سوکایەتی پێبکرێت، لێیبدرێت و بکوژرێت و بسوتێندرێت ناتەندروستی خێزان و شکستی سیستمی سیاسیە، مرۆڤ بەگشتی و مێ بەتایبەتی لەناو ئەم سیستمەدا تەواو بێ بەهایەو وەک سەرچاوەی بەردەوامیی و گەشەسەندن لێی ناڕواندرێت، زۆرتر وەک قورساییەک لەسەر خێزان و دەوڵەت حساب دەکرێت ".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لەزۆربەی خێزانەکاندا، کچ فێرناکرێت ڕێز لە مافەکانی خۆی بگرێ، پێی ناوترێ نابێ بێڕێزیی لەکەس قبوڵ بکات، ئەوەندە متمانە بەخۆبونی تیا دروست ناکرێت کە لەناو خێزانەکەیدا مامەڵەی توند و خراپی چواردەورەکەی ڕەتبکاتەوە تا کە چوە دەرەوەی ماڵ لە یەکەم تەعلیق و گێچەڵ پێکردنەوە سەرکز نەکات، بۆئەوەی کە هاوسەرگیری کرد هاوشێوەی خێزانەکەی مل نەیات بۆ هەموو توڕەبون و سوکایەتیەک .

 

لە کۆتایی نووسینەکەیدا ئەوەشی وتووە: "متمانە بەخۆبون سەرەتای ڕەتکردنەوەی هەموو توندوتیژیەکانە، بەڵام خێزان و نەریتی باوی کۆمەڵگا، مێینەی لاواز و شەرمنی دەوێت، بەرهەمهێنانی ئەو کەسایەتیە شەرمن و لاوازە لەدوای خێزانەوە، پەروردە و یاساو دەوڵەت زیاتر گەشەیان پێداوە، باڵادەستی باوک و برا لە خێزانەوە گوێزراوەتەوە بۆ خوێندنگا و دامودەزگا ڕەسمی و پارتە سیاسیەکان، لە بازنەیەکی لەم جۆرەدا بە ئاسایی و ئاسانی ژن سوکایەتی پێدەکرێت ،فریو دەدرێت ، دەکوژرێت و دەسوتێنرێت".