"با لە دژی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەراستی یەکگرتن بونیاد بنێین"

عەلیا ئۆغڵو، سەرۆکی کۆمیتەی ئاشتەوایی لە ئەنجومەنی شارۆچکەی تل تەمر ڕایگەیاند کە سووریای نوێ پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی و تائیفەگەری هەیە و لەبری ئەوەی پێکهاتەکان لەناوببات، یەکگرتنی کۆمەڵایەتی دپێکبێت.

سۆرگوڵ شێخۆ 

 

تل تەمر-یەکێک لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە پێکهاتەکان کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا لە بەرامبەر یەکتردا هان دەدران، لە شۆڕشدا کۆبوونەوە و یەکگرتنیان لە دژی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەستی بونیاد نا.

 

ڕۆڵی کۆمیتەکانی ئاشتەوایی لە شۆڕشدا زۆر زیادی کرد، چونکە لە ڕێگەی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانەوە کۆمەڵگەیەک دروست بوو کە زیاتر ڕێز لە یەکتر بگرن و خۆشەویستی لە نێوانیاندا قووڵتر بووەوە. لە سەرووی هەمووشیانەوە ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە چارەسەر دەکرێن.

 

عەلیا ئۆغڵو، بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئاشتەوایی ئەنجومەنی شارۆچکەی تل تەمر لە کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان، باسی لە گرنگی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و بەدواداچوونی ئازادی و دیموکراتیک کرد.

 

بەردی بناغەی پاراستنی کۆمەڵایەتیبوون، یەکگرتنە کۆمەڵایەتییەکانە

عەلیا ئاماژەی بەوەشکرد، بەردی بناغەی پاراستنی کۆمەڵایەتیبوون، یەکگرتنە کۆمەڵایەتییەکانە بەتایبەت بۆ سووریا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕۆژئاوا لەم تاقیکردنەوەدا سەرکەوتوو بووە، ئەگەرچی بەشێکیش بێت، لەسەر ئاستی شاری تل تەمر، کورد و عەرەب و ئاشوورییەکان پێکەوە دەژین و ڕێز لە هێما ئاینییەکانی یەکتر دەگرن، وەک کڵێسا و مزگەوتەکان و ژیانێکی هاوبەش دەژین، بەو پێیەی ئەمە ئەرکێکی قورسە، پێویستە گرنگی پێبدرێت. بەتایبەتی کە ئێمە لە دۆخێکی شەڕ و ناسەقامگیریدا دەژین. ئاشتی کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو بابەتانەی کە پێویستە بتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی لە شەڕەکەدا بگێڕێت.

 

شەڕی تائیفی بێ وێنەی لە سووریا ڕوویداوە

عەلیا ئاماژەی بەوەدا کە یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز دەتوانێت ڕێگری لە شەڕ و دابەشبوون بکات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە خەڵک لە بەرامبەر شەڕ و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەکاندا یەکبگرن و پشتیوانی یەکتر بکەن و هاوکاری یەکتر بکەن، بە بۆچوونی من ئەگەر لیژنەکانی ئاشتەوایی کاریان لەسەر هاوپشتی کۆمەڵگە لە سووریا بکردایە، ڕەنگە قوربانیانی شەڕەکە کەمتر بووایە، ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە سووریا ڕوویانداوە تائیفی بێوێنە بوون. هەرچەندە دەیانویست گەلی کورد و عەرەب لە ڕۆژئاوا دژی یەکتر هان بدەن، بەڵام یەکگرتنی خەڵک بوو بە قەڵغانێکی پارێزەر.

 

"شەهیدان خوێنی خۆیان بەخشی بۆ دامەزراندنی وڵات"

عەلیا جەختی لەوە کردەوە کە تائیفەگەری لە ڕۆژئاوا نەفرەتی لێدەکرێت، هەروەها هەموو کەسێک بە مرۆڤایەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت وتی: ڕەنگە هەمیشە سووریا وەک وڵاتێک بمێنێتەوە کە گەلەکەی هەمیشە خۆشەویستی بۆ وڵاتانی دراوسێ بڵاوبکاتەوە، سووریا گەلی عێراق و لوبنانی لە باوەش گرت، هەروەها جیهانیش، بەڵام بۆچی ئەمڕۆ بەم شێوەیە و لەلایەن ئەم حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێت؟ کورد و عەرەب و ئاشووری خۆبەڕێوەبەری بەڕێوەدەبەن و بۆ بونیادنانی نیشتمان دەستی یەکدەگرن، نەک بۆ وێرانکردنی، ئەمڕۆ ئێمە هەوڵی بونیادنانی نیشتمان دەدەین، بەڵام بەبێ ئێمە وڵات بونیاد نانرێت، شەهیدان خوێنی خۆیان بەخشی تا وڵات بونیاد بنرێت، نەک لەناوبچێت. بۆیە ئامانجی ئیدارەیی بونیادنانەوەیە، نەک لەناوبردنی.

 

سووریا پێویستی بە کورسی دەسەڵات نییە، پێویستی بە ڕۆشنبیرە

عەلیا بەو شێوەیە پێناسەی کرد کە سووریا زۆر پێویستی پێیەتی: "زۆرترین شت بۆ سووریا "هۆشیاری و ڕۆشنبیرییە"، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی دەگێڕێت لە دابەشکردنی کۆمەڵگەدا، هەمووان باوەڕیان پێی هەیە و بەم شێوەیە ئامانجی ئاژاوەگێڕەکان بەدی دێنێت، سووریا پێویستی بە کورسی دەسەڵات نییە، پێویستی بە ڕۆشنبیر هەیە بۆ خزمەتکردنی وڵات، با لە کورسییەکان دوور بکەوینەوە، کورد، عەرەب، ئاشووری، عەلەوی بهێنین و دروز پێکەوە و وڵاتێک بونیاد بنێن.

 

بانگەوازێکی بەئاگابوونەوە بۆ ژنانی سووریا

لە کۆتایی قسەکانیدا عەلیا ئۆغڵو ئەم پەیامەی بە ژنانی سووری دا: لە گۆشەیەکدا کۆ مەکەنەوە، دانەنیشن و بڵێن لە داهاتوو دەترسم، هەستن، تێبکۆضشن، ئەمڕۆ کاتی ئێوەیە و  لە مەیدانەکان پێویستە ئامادەبن، دەنگتان هەیە و ڕۆڵێکتان هەیە بۆ دروستکردن، ژنان بەهێزن و دەتوانن پیاوانی سووریا بگۆڕن، هەر بۆیە دەبێت ژنانی سووریا یەکبگرن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین سووریایەکی فرەڕەنگ و دیموکراتیک بونیاد بنێین.